مام جەلال رابەری بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەبووە، مام پارێزەری هونەرمەندان بوو

سەرۆک مام جەلال داهێنەری و رابوونی کۆمەڵگەی مەدەنی بووە، مام جەلال جگە لە ژیانی سیاسی خاوەن هەگبەیەکی دەوڵەمەندی رۆشنبیری و فەرهەنگی و هونەری و کلتوری بووە، مام لە شاخ بەشداری راستەقینەی پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بووە، مام جەلال وەک رابەری بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد هەموو ژانەرەکانی ژیانی دەبەستەوە بە خۆناساندنی شۆڕشێک کە خاوەن دۆزە خاوەن رەوایەتییەو هەموو رێگەکانی دیموکراسی دەکردەوە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی شۆڕش هەرتەنها بە چەکەوە گرێنەدات؛ بەڵکو فەرهەنگ و رۆشنبیرو و هونەری و میدیای نوێ بخاتە خزمەتی کۆمەڵی کوردەواری و پەیامی شۆڕش؛ ئەم وێنەیە مێژوویەکی پڕ سەروەرییە، ساڵی ١٩٨٢ لە سەردەمی شۆڕشدا ئەوساکە دوژمن زۆر نامرۆڤانە رووبەڕووی گەلی کورد دەبووەو ژیانی کاولدەکرد، لەو سەروبەندەدا سەرۆک تاڵەبانی پشتگیری رەوتی هونەری شێوەکاری دەکردو هۆکارێکی دەدۆزییەوە بۆ دەرخستنی رووی گەشی شۆڕش و دۆزی گەلەکەی.
سەرۆک مام جەلال لەناو شۆڕشدا دەرفەتی واڵادەکرد بۆ کردنەوەی پێشەنگای شێوەکاری هونەرمەندی نەتەوەیی و مرۆڤ دۆست (مدحەت کاکەیی)، مدحەت کاکەیی، وەک هونەرمەندێک بەهونەری خۆی دەنگی نەتەوەو شۆڕشی ئاوێتەی رەنگ و تابلۆو دۆزێکی لەسەرحەق کرد.
ئەم مێژووە دەری دەخات کە مام جەلال بوژێنەرەوەی هەموو بوارەکان بووە؛ رابەرێکی دەگمەن بووە؛ لە کاتێکدا دەیتوانی بونیادنەری زۆر بواری جیای ئایندەی گەلی خۆی بێت و خەونی مام بە مەدەنییەتکردنی کۆمەڵی کوردەواری بووە و رێبازەکەشی رێبازی مرۆڤایەتی و ژیان دۆستییە کە چینەکانی کۆمەڵ خۆیانی تیا دەبیننەوە.



