زەیدی: رۆژانە لانی کەم 750 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەری جەیهان هەناردە دەکرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق و تورکیا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی ستراتیژیی گرنگ بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بۆریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی، بە بڕی لانی کەم 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی فیدراڵ لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا و کۆمپانیای بۆتاش کۆبووەوە و رێککەوتنێکی یەک ساڵەیان بۆ هەناردەکردنی لانی کەم 750 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە واژۆ کرد.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا واژۆکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت لە لایەن عێراق و تورکیا راگەیاند.
زەیدی نووسیویەتی: لە دەستکەوتێکی ستراتیجیی گرنگدا بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی.
بەپێی پەیامەکەی زەیدی، لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنە نوێیەدا، نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بۆریی هەناردەکردنی عێراق-تورکیاوە بەرەو بەندەری جەیهان رەوانە دەکرێت، بە بڕی لانی کەم 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ بازاڕەکانی جیهان.
عەلی زەیدی ئاشکرای کرد، کۆمپانیا نیشتمانییەکانی عێراق و تورکیا لەم ئاراستەیەدا دەست بە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەکەن، هاوکات حکومەتی هەردوو وڵات، لە چوارچێوەی رێڕەوێکی گشتگیری دیاریکراودا، کار دەکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی گرنگ کە کەرتی نەوت، کارەبا، دۆسیەی سەرچاوەکانی ئاو و بوارەکانی دیکەی هاوکاری لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدان و سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.



