بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

سعودیە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی دەریایی نێودەوڵەتی راگەیاند

سعودیە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی دەریایی بەرگریی فرەنەتەوەیی بە بەشداریی 43 وڵات و یەكێتیی ئەوروپا راگەیاند بۆ پاراستنی ئاسایشی گەروی بابولمەندەب، كەنداوی عەدەن، دەریای سوور و رێڕەوە بازرگانییەكان، كە شاری ریاز دەبێتە ناوەندی هەمیشەیی و سەرەكیی.

وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند: بە بەشداریی یەكێتیی ئەوروپا و نوێنەرانی 43 دەوڵەت، كۆبوونەوەیەكیان سەبارەت بە دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی دەریایی بەرگریی فرەنەتەوەیی بەڕێوەبردووەو ئامانج لە هاوپەیمانێتییەكەش، پاراستنی ئاسایشی گەروی بابولمەندەب و كەنداوی عەدەن و دابینكردنی ئاسایشە بۆ رێڕەوەكانی بازرگانیی جیهانی و هێڵەكانی ناردنی وزە لە دەریای سوورەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد:  لەگەڵ وڵاتانی دامەزرێنەری هاوپەیمانێتییەكە، جەختیان لەسەر ئەوەكردووەتەوە كە ئاسایشی دەریایی بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە و هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتاندا بنەمای سەرەكییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەریاییە هاوبەش و سنوور بەزێنەكان، بە جۆرێك كە بەشداربێت لە بەهێزكردنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەسەندنی جیهانی.

وەزارەتی بەرگریی سعودیە جەختی لەوەش كردوەتەوە: كە بەشدارییكردن لە چالاكییەكان و ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانێتییەكەدا، بڕیارێكی سەربەخۆی هەر وڵاتێكە و بەپێی سیستەم و رێكارە نیشتمانییەكانی خۆی دەبێت، وڵاتانی بەشداربووش بەردەوام دەبن لەتەواوكردنی رێكارە ناوخۆییەكانیان بۆ پەیوەندیكردنی رەسمی بە پەیماننامەی هاوپەیمانێتییەكەوە،  داوا لەو وڵاتانەش دەكرێت كە هاوبەشن لە ئامانجەكانیدا پەیوەندیی بكەن.

هاوكات حكومەتی وڵاتە دامەزرێنەرەكانی ئەم هاوپەیمانییە فرەنەتەوەییە، پابەندبوونی خۆیان بە ئامانج و بنەماكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕگەكانی یاسای نێودەوڵەتی و رێسا ناسراوەكان دووپاتكردوەتەوە.

هاوپەیمانێتییەكە هاوكارییەكان لە بوارەكانی ئاسایشی دەریایی، ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری، پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەكان، مانۆڕی هاوبەش، راهێنان و بەرزكردنەوەی تواناكان بەهێزتر دەكات، ئەوەش بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەكان وەك بەرپرسیارێتییەكی گشتی.

هەروەها، پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانییە فرەنەتەوەییە وەك چوارچێوەیەك بۆ هاوكاری دەریایی سەربازی دێت بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و پاراستنی رێڕەوە بازرگانییەكان،  عەرەبستانی سعودی وەك وڵاتی دامەزرێنەر و سەركردەی هاوپەیمانییەكە دەبێتە ناوەندی هەمیشەیی و سەرەكی، بە جۆرێك فەرمانگەكانی فەرماندەیی، كۆنتڕۆڵ و ژووری ئۆپەراسیۆنە دەریاییە هاوبەشەكان لەو وڵاتەدا دەبن.

ئەم راگەیەندراوە دوای ئەوە هات كە وەزارەتی بەرگری سعودیە لە شاری ریاز میوانداری كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەركانی سوپا و نوێنەرانی 43 وڵات و نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانییە بەرگرییە دەریاییە لە بەرامبەر گەشەسەندنی هەڕەشەكان لەسەر كەرتی هاتووچۆی دەریایی.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *