رێککەوتنامەکە بەسەرچووە و هەناردەی نەوتی عیراق بۆ تورکیا بەردەوامە
سەرەڕای بەسەرچوونی رێککەوتنامەی دوولایەنەی نێوان بەغداد و ئەنقەرە و ئیمزانەکردنى رێکەوتنامەى نوێ لەکاتى سەردانەکەى سەرۆک وەزیرانى عیراق بۆ تورکیا، سەرچاوە تورکییەکان رایانگەیاند: هەناردەی نەوتی خاو لە باکووری عیراقەوە بۆ بەندەری جەیهان بێپچڕان بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەڕێوەچونی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی.
سەرچاوەیەکی تورکی بە رۆیتەرزی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە 30ى7ى2026 هەناردەی نەوتی خاو لە باکووری عیراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بە بێ پچڕان بەردەوام دەبێت، سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەو رێککەوتنەی کە کارکردنی هێڵی بۆری نێوان هەردوو وڵاتی رێکدەخست، لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوامن.
رۆژی دوو شەممە 27ی 7ی 2026، ماوەی کارپێکردنی رێککەوتنی دوولایەنە کۆتایی هات، کە بۆ چەندین دەیە کارپێکردنی هێڵی عیراق-تورکیاى رێکدەخست و لەکاتی سەردانەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆمارى تورکیا کە لە چەند رۆژى رابردوودا بوو، بەغداد و ئەنقەرە رێککەوتنی درێژکردنەوەى رێککەوتنامەکەیان ئیمزا نەکردووە.
سەرچاوەیەک رایگەیاند: هێڵی بۆرییەکە (کە لە ئێستادا تاکە رێگای هەناردەکردنی نەوتی بەغدادە) سەرەڕای کۆتایى هاتنى ماوەی رێککەوتنەکە، تا ئەو کاتەی هەردوو وڵات لە دانوستاندندان بۆئەوەی رێککەوتنێکی کاتی بکەن و هەناردەی نەوت رانەوەستێت، هێڵەکە بەردەوام دەبێت لە کارکردن.
هەردوو وەزارەتی وزەی تورکیا و نەوتی عیراق هیچ لێدوانێکی رەسمییان لەسەر دۆخی هێڵەکە دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی پێشوو نەداوە.
پێشتر وەزیری وزەی تورکیا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو: هەردوو وڵات گەیشتوونەتە تێگەیشتنێک بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێک و جەختی لەوە کردبووەوە کە دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی خۆیان.
پێشبینی دەکرێت درێژکردنەوە کاتییەکە کاتی زیاتر بە بەغداد و ئەنقەرە بدات بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی بەرفراوانتر، کە تەنها سنووردار نەبێت بە بەردەوامبوونی کارپێکردنی هێڵی بۆرییەکە، بەڵکو زیادکردنی سوودوەرگرتن لە تواناکەی و بەستنەوەی بە کێڵگە نەوتییە نوێیەکانەوە لەخۆبگرێت.
تورکیا هەوڵدەدات رێژەی کارپێکردنی هێڵی بۆرییەکە بەرزبکاتەوە، کە توانای دیزاینکردنی نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا و رەنگە درێژبکرێتەوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عیراق.
ئامارە تورکییەکان دەریدەخەن کە هێڵەکە لە ئێستادا تەنها نزیکەی 170 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەگوازێتەوە.
هێڵەکە وەک دەرچەیەکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتى کێڵگەکانی باکووری عیراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەژمێردرێت، لەڕێگەی بەندەری جەیهان لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە.




