بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

شەوی رابردوو چی رووی دا؟

شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆردومانی چەند ئامانجێکی گرووپە چەکدارەکانیان کرد لە پارێزگا و ناوچە جیاجیاکان.
بەپێی زانیارییەکان، بۆردومانەکان چەند ئامانجێکی پێکاوە لە بەسرە، کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین.
لە بەرامبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند بارەگایەکمان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی عیراق لەلایەن ئەمریکا و سعودیەوە هێرشیانکرایە سەر. 
دەشلێت، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم هێرشانە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 20 کەس و برینداربوونی 32 کەسی تر.
ئاماژەشی کردووە کە هێرشەکان بە پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدار و پێشێلکردنی سەروەری عیراق و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییە رەسمییەکانی دەزانین.
لەو بارەیەوە، سوپای ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی وردی هاوبەشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە خاکی عیراقدا؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی دوایی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی نەوتی سعودیە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێرشەکان پێگەکانی عیراقیان کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەی لە ماوەی 72 سەعاتی رابردوودا زیاتر لە 30 هێرشی درۆنیی ئاڕاستە کرابوون.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە جەختیکردەوە کە هێرشەکە لە چوارچێوەی مافی بەرگری لە خۆکردن و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیاندایە.
هاوکات عەلی زەیدی  سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، فەرمانی بەستنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کرد کە دوای هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمریکا و سعودیە دێت.
بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، ئەنجومەنی وەزاری بەپەلە تاوتوێی دەرئەنجامەکانی ئەم هێرشە ئاسمانییە و پاراستنی ئاسایشی وڵات دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، تەلەڤزیۆنی رەسمیی ئێران لەسەر زاری لێپرسراوێکی سەربازیی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، تاران هیچ پەیوەندییەکی بەو درۆنانەوە نییە کە لە وڵاتانی دیکەوە بەرەو ئامانجەکان لە ناو خاکی سعودیە هاوێژراون.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە هاووڵاتییانی کرد گەشت بۆ عیراق نەکەن و ئاستی مەترسییەکانی بۆ ئاستی 4 راگەیاند. 
بڕیارەکە بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان، تیرۆر، رفاندن و ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە دراوە، جەختیشی کردووەتەوە کە توانای باڵیۆزخانە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بە ئەمریکییەکان زۆر سنووردارە.

Screenshot

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *