ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

زانکۆی راپەڕین و کۆمەڵەی خوێندکاران، هاوینی ئەکادیمی بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنن

بە مەبەستی گونجاندنی زانستە ئەکادیمییەکان و پێداویستییەکانی بازاڕی کاری کوردستان، زانکۆی راپەڕین بە هاوکاری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، پرۆژەی (هاوینی ئەکادیمی) لە شاری رانیە راگەیاند، پرۆژەکە وەک وەڵامێکی کردەیی بۆ ئاڵنگارییەکانی بێکاریی و ئامادەکردنی نەوەیەکی کارامە سەیر دەکرێت.
زانکۆکە و کۆمەڵەی خوێندکاران دەیانەوێت لە ماوەی 50 رۆژدا 150 خوێندکار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بە توانایەکی بەرز و تێگەیشتنێکی قووڵەوە بەرەو کەرتی تایبەت و ژیانی پیشەیی هەنگاوبنێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرۆژەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە و بە گەرمی پێشوازی لێکراوە.
رەخساندنی هەلی کار
کامۆ خدر بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونیی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی راپەڕین، جەختدەکاتەوە کە پرۆژەکە تەنیا خولێکی راهێنانی ئاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دیدگای خوێندکار بەرامبەر بە ژینگەی کار و بۆ کوردستانی نوێ گوتی: ئەرکی ئێمە تەنیا پێشکەشکردنی وانەی تیۆری نییە، بەڵکو بونیاتنانی کەسایەتییەکی بەهێزە کە بتوانێت متمانە بەخۆبوونی خۆی لە بازاڕی کاردا بسەلمێنێت، لە ماوەی ئەم پرۆژەیەدا کار لەسەر ئەو کەلێنە دەروونی و زانستییانە دەکەین کە زۆرجار رێگرە لە بەردەم خوێندکاراندا بۆ تێکەڵبوون بە کەرتی تایبەت، بۆئەوەی بە شێوازێکی پۆزەتیڤ رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بێکاریی وەک قەیرانێکی گەورەی ئابووری و بێئومێدبوون لە دۆزینەوەی هەلی کاری شایستە لە ناوخۆدا، هۆکارێکی سەرەکییە کە گەنجان ناچار دەکات بە دوای بەدیلدا بگەڕێن کە زۆرجار کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەکەنە دەروازەی رزگاربوون.
کامۆ خدر دەڵێت: ئەم پرۆژەیەی زانکۆی راپەڕین و کۆمەڵەی خوێندکاران، هەوڵێکی راستەقینەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی، هەروەها بە ئامانجگرتنی گەنجانە بە مەبەستی فێرکردنی پیشە و بەهێزکردنی باوەڕیان و خستنەگەڕی تواناکانیان لە بازاڕی کاری ناوخۆدا.
سوودوەرگرتن لە توانای ئەکادیمی
ژیار حسێن لێپرسراوی بازنەی راپەڕینی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەکە بۆ گەنجان، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە بەردەوامین لە پەرەپێدانی ئەمجۆرە پرۆژانە، چونکە ئامانجی سەرەکیمان بەهێزکردنی کەسایەتی گەنجە بۆئەوەی لە بازاڕی کاردا پشت بە توانا و لێهاتووییەکانی خۆی ببەستێت.
گوتیشی: هەوڵدەدەین ئەم پرۆژەیە ببێتە هەوێنی کارسازی بۆ خوێندکاران، بۆئەوەی بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی دامەزراندنی حکومی بن، بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە روو لە کەرتی تایبەت بکەن و دەرفەتی کار بۆ خۆیان و دەوروبەریان بڕەخسێنن.
ژیار حسێن دەڵێت: کۆمەڵەی خوێندکاران لەسەر ئەم رێبازە بەردەوام دەبێت و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی گەنجانی ئێمە لە نیشتمانی خۆیاندا بە سەربەخۆیی و کارامەیی بژین.
بەشداربووانی پرۆژەکە پەرۆشیی خۆیان بۆ ئەم ئەزموونە دەردەبڕن کە ماوەیەکی کەمە دەستیپێکردووە، ترێ فەرهاد خوێندکارێکی بەشداربووە، بۆ کوردستانی نوێ گوتی: بەراورد بە وانە تیۆرییەکان، ئەم خولە وێنەیەکی کردەیی بۆ روونکردوینەتەوە کە چۆن زانستەکانمان بخەینە خزمەتی بازاڕی کارەوە.
گوتیشی: ترس لە چوونە ناو ژیانی پیشەیی بەمجۆرە هەنگاوانە دەڕەوێتەوە، لەم پرۆژەیەدا بە وردی فێردەبین چۆن وەڵامی پێداویستییەکانی کەرتی تایبەت بدەینەوە و بە متمانەیەکی تەواوەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *