سەرۆک کۆمار لەگەڵ وەفدێکی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بادینان کۆبووەوە

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیی لە وەفدێکی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەڤەری بادینانی پارێزگای دهۆک کرد و
جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پتەوکردنی هاودەنگی لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عیراقدا وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی وڵات و چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە ناوچەکەوە تاوتوێ کران.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە پابەندبوون بە بەهاکانی پێکەوەژیانی هاوبەش و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، زامنی ڕاستەقینەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی لە وڵاتدا.
لە بەرامبەردا، وەفدی میوان ئامادەیی و پەرۆشیی سەرۆک کۆماریان بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەرز نرخاند و جەختیان لە پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بەهێزکردنی سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان کردەوە.




