لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ عەلی زەیدی دەچێتە تاران
بەپێی هەواڵی میدیا عیراقی و ئێرانی و ناوچەیی و جیهانییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، میدیای رەسمی عیراق سەردانەکە بە سەربەخۆیی عیراق و کرانەوەی بە رووی دەرەوەدا ناو دەبات، میدیای ئێرانیش باس لەوە دەکات هەر رەخنەیەک لە ئێرانەوە لەسەر سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا هەبووبێت، رەسمیی نەبووە و کەسی بووە.
عیراق بەرەو کرانەوەی دەرەکی
ئاژانسی هەواڵی عیراقی بڵاویکردەوە، زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوە پلە باڵاکانی ئەو وڵاتە سەردانی ئێران دەکات و چەندین دیدار و گفتوگۆی بە بایەخ ئەنجام دەدات.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە عیراقییە، یەکێک لە تەوەرەکانی نێوان وەفدی عیراق و لێپرسراوانی ئێران، پرسی ئەمنی و سنوورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لە کاتی ئەو ئاڵۆزییانەدا لەناوچەکەدا هەیە کە تێیدا ئێران لایەنی سەرەکیی جەنگە گەورەکەیە. بەپێی هەواڵی میدیاکانی عیراق، سەرۆک وەزیران لەو سەردانەیدا بە لایەنی ئێرانی رادەگەیەنێت، عیراق هێزو پێگەی خۆی گەڕاندووەتەوە و نەبووەتە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە، هەروەک چۆن بەرهەڵستیی دەستوەردان لە ناکۆکیی وڵاتان دەکات و رێز لە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت، چونکە حکومەتی عیراق بەرەو کراوەیی دەرەکی دەجووڵێت بەپشتبەستن بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی.
دۆسێی گاز
حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی ئێران دەکات و دۆسێی گاز لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوولایان دەبێت. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند: عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران لەسەر بانگهێشتی رەسمیی سەرۆکی ئێران و لەگەڵ وەفدێکی وەزاری سەردانی ئێران دەکات، سەردانەکە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و دۆسێی گاز یەکێکە لەو تەوەرانەی لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوولا دەبێت بەجۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندیی عیراق یەکبگرێتەوە.
زەیدی: هێرشی سەربازی نەکرێتەسەر ئێران
لە دیدارێکیدا لەگەڵ گۆڤاری (دی ئەتلانتیک)ی ئەمریکی، سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای ئەوەی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە کە هێرشی سەربازیی نەکاتەسەر ئێران. رەنگە پەیوەندییەکانی عەلی زەیدی هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئێران و ئەمریکییەکانیش، بۆیە زەیدی نایەوێت هیچ جۆرە جەنگێک لەنێوان هەردوولادا هەبێت و باس لەوە دەکات «پێویستە عیراق لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، خاڵی بەیەکگەیەنەر بێت، نەک گۆڕەپانی دژایەتی و ململانێ و بەرەداری و بەشێک بێت لەو جەنگە».
زەیدی لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بە ئابووریی عیراق گەیاندووە، داواشی لە وەبەرهێنەران کرد کە سەیری عیراق بکەن وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنانی بەڵێندەر نەک وەک بەشێک لەو جوگرافیایەی کە جەنگی تێدایە.
ئەو گۆڤارە کە وەک بەشێک لە لێکدانەوەی خۆی باسی دەکات، رەنگە زەیدی بیەوێت لینکێک بۆ نێوەندگیریی بدۆزێتەوە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و پشتیوانیی عیراق بۆ هەر دانوستان و هەنگاوێکی ئاشتیی نیشانبدات.
پەیوەندیی دراوسێیەتی
رۆژنــــامەی (الصــــــباح) بڵاویکــــــــــردەوە، سەردانەکەی زەیدی بۆ ئێران، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عیراقە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. باس لەوە دەکات، ئەو سەردانە لە پێداویستییەکانی پەیوەندیی دراوسێ و بەرژەوەندی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت و گفتوگۆکان باس لە کۆمەڵێک پرسی دوولایەنە دەکەن، جگە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژی و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی.
زەیدی دەیەوێت رۆڵی عیراق بۆ لایــــەنی ئێرانــــی روون بکاتەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان و ئەو متمانەیەی کە بەدەستی دەهێنێت و توانای بەشداریکردنیشی لە پشتیوانیکردنی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، بەمەش خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
کەمکردنەوەی رەخنەی ئێران
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) باس لەوە دەکات، سەردانەکەی زەیدی بۆ تاران، لە نێوان رەخنەکانی ئێران لە زەیدی و دیپلۆماسیەتی ئێران هەنگاوی ناوە، بۆ ئەوەی بە رواڵەت کاریگەریی ئەو رەخنانە کەم بکاتەوە. لەو بارەیەوە رۆژنامەکە ئاماژە بۆ بۆچوونی عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی زەیدی کراون و وتوویەتی «رەخنەکانی لایەنی ئێرانی لە زەیدی، شەخسی و نارەسمی بووە و زیان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناگەیەنێت».
رۆژنــــامــــەکــــــە دەنووســــــێت، ســــەرکەوتنی حکومــــــەتەکەی زەیــــــــــــــــــدی لە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی هەندێک هێزی چەکداری عیراقیدایە کە ئەوەش تەنها لە رێگەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران دێتە ئاراوە، بە لەبەرچاوگرتنی کۆنتڕۆڵ و کاریگەرییەکەی بەسەر زۆربەی ئەو گروپە چەکدارانەوە.
رەخنەکان لە زەیدی رەسمی نەبوون
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران، سەردانەکەی زەیدی بایەخی مێژوویی هەیە و عیراق و ئێران لە زۆر لایەن و گۆشەی جیاوازەوە نزیکن لەیەکترەوە و ئەوە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە و دووپاتکردنەوەی برایەتیی نێوان گەلی هەردوو وڵاتە.
ئەو ئاژانسە ئێرانییە باس لەوە دەکات، سەردانەکەی زەیدی لەسەر داوای سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و وەک نیەتپاکییەکی نێوان لێپرسراوانی ئێران دەبینرێت بۆ عیراق.
ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندیی نێوان ئێران و عیراق لەهەر کات و ساتێکدا، پەیوەندییەکی گرنگ و لەمێژینەیە و هیچ رەخنەیەک و هێرشکردنەسەر سەرۆک وەزیرانی عیراق (عەلی زەیدی) گوزارشت لە دەوڵەت و سیاسەتی حکومەتی ئێران ناکات و تاران ئامادەیە پێشوازیی فراوان و لە ئاستی باڵادا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق بکات.
تارماییەک بەرەو تاران
بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، تەواوی لایەنەکانی وەک ئەمنی، سنوور، گرووپە چەکدارەکان، گاز و جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، لە سەردانەکەی زەیدیدا باس دەکرێن، بەڵام ئەوەی تائێستا هیچ بوونێکی نییە و تەنیا وەک تارماییەک باس دەکرێت ئەوەیە، رەنگە زەیدی قسەیەکی دۆناڵد ترەمپ و ئەمریکییەکانی پێبێت بۆ ئێرانییەکان و بیەوێت عیراق بکاتە خاڵی نێوەندگیریی ئەو دوو وڵاتە




