بەرگریی شارستانیی سلێمانی: هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکتان نەبێت

بەرگریی شارستانیی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری سلێمانی، دڵنیاتان دەکەینەوە کە سەبارەت بەو ئاگرەی لە ڕۆژئاوای شارەکەمان کەوتۆتەوە، تیمەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان. لای ئێمە قەبارە و هۆکاری ئاگرەکە گرنگ نییە، ئەوەی لە هەموو شتێک بەرزتر و گرنگترە لای ئێمە سەلامەتی گیانی ئێوەیە. هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکتان نەبێت، چونکە تیمەکانمان ڕووداوی زۆر لەمە گەورەتریان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و کوژاندنەوەی ئەرکی لەپێشینەی ئێمەیە.
گەورەترین هاوکاری و یارمەتی ئێوە بۆ ئێمە لەم کاتەدا، تەنها نزیک نەبوونەوەیە لە شوێنی ڕووداوەکە. داواکارین شەقامەکان بۆ هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چۆڵ بکەن تاوەکو بتوانن بە خێرایی ئەرکەکانیان ئەنجامبدەن. هۆشیاریی ئێوە نیوەی سەرکەوتنی تیمەکانمانە لە کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکەدا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی




