نەخشەی تازەی وزە لە کوردستان

گەورەترین وەرچەرخانی جیۆپۆلۆتیکی؛ نەخشەی تازەی وزە لە کوردستان لە کۆرمۆرەوە بەرەو چەمچەماڵ و میران
ئەنجامە داراییەکانی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ی کۆمپانیای دانا گاز ئاماژەیەکی روون و بەهێزن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا گازی سروشتی دەبێتە ستوونی بڕبڕەی ئابووری و سەنگێکی قورسی جیۆپۆلیتیکی بە خاکی کوردستان دەبەخشێت.
بەپێی داتاکان، کۆکردنەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێم گەیشتووەتە (١٥٦ ملیۆن دۆلار)، لە کاتێکدا (١٨٩ ملیۆن دۆلار) وەک شایستەی بازرگانی دواکەوتوو لای حکومەتی هەرێم ماوەتەوە.
بۆ بەردەوامییدان بەم گەشەیە، کۆمپانیای پێرل پێترۆلیۆم بە سەرکەوتوویی سەنەدێکی ٥ ساڵەی دەستەبەرکراوی بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بەگەڕخستووە تاوەکو سەنەدی ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری پێشوو دووبارە دابین بکاتەوە و وەبەرهێنانی زیاتر و نوێ بۆ کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ ڕابکێشێت.
لە ڕووی کارکردن و بەرهەمهێنانەوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی دانا گاز لە هەرێم لەم ٩ مانگەدا گەیشتووەتە ٤٢,٣٠٠ بەرمیل هاوتای پەترۆڵ لە ڕۆژێکدا (boepd) کە گەشەی ٥٪ی بەخۆیەوە بینیوە، و تەنها لە چارەکی سێیەمدا ئەم ژمارەیە بە رێژەی ١٨٪ زیادی کردووە بۆ ٤٧,٥٥٠ boepd.
ئەم بەرەوپێشچوونە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی KM250 لە کۆرمۆر، کە توانای پاڵاوتنی گازی بە رێژەی ٥٠٪ بەرزکردەوە بۆ ٧٥٠ ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا (MMscf/d).
هەروەها دەستپێکردنی ڕەوانەکردنی ١٠٠ ملیۆن پێی سێجا گاز لە ڕۆژێکدا بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک، یەکەم هەنگاوی کردەیی بوو بۆ بەستنەوەی ژێرخانی وزەی هەرێم بە ناوچەکانی تری عێراق و خزمەتکردنی داواکارییە ناوخۆییەکان.
ئاسۆی داهاتووی گازی کوردستان تەنها لە کۆرمۆردا ناوەستێت، بلکۆ کێڵگەی چەمچەماڵ وەک ناوبەندی دووەمی گەشەکردن ئامادە دەکرێت، کە بەگوێرەی بەرنامەی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری پێرل پێترۆلیۆم، بڕیارە کێڵانی بیرەکانی پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دەست پێبکات و لە سەرەتای ٢٠٢٨دا یەکەم بەرهەمهێنانی گازی لێ بێتە دەرەوە، لە کاتێکدا ڕێککەوتنی درێژخایەن بۆ فرۆشتنی تا ١٧٠ ملیۆن پێی سێجا گاز لە ڕۆژێکدا لەگەڵ کەرتی پیشەسازی هەرێم واژۆ کراوە.
خاوەندارێتی هەرێمی کوردستان لە یەدەگی سەلمێنراوی ٢٥ بۆ ٣٠ تریلیۆن پێی سێجا (Tcf) گازی سروشتی، توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ بەگەڕخستنی توانای زەبەلاحی کێڵگەکانی وەک چەمچەماڵ و میران، هاوکێشەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.
بەمەش کوردستان لە بەکارهێنەرێکی ناوخۆییەوە دەبێتە یاریزانێکی جیهانی بۆ دابینکردنی وزەی سەقامگیر بۆ عێراق و هەناردەکردنی بۆ تورکیا و ئەورووپا، بەمەرجێک ئالۆزییە ئەمنییەکان و مەترسییەکانی کۆبونەوەی قەرزی دواکەوتوو بە چاکسازیی دارایی ڕوون چارەسەر بكرێن.




