قایمقامیێتی سلێمانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزەی لە تانجەرۆ لەناوبرد
پووختەى هەواڵ
- لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاوی قورس سەوزە بەرهەمهێنراوە.
- قایمقامێتی سلێمانی بۆى دەرکەوتووە ئەنجامی تاقیگەکان بۆ سەوزەکە زۆر خراپ و مەترسیدار بوون.
- لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامێتی سلێمانی: ئەو ئاوە قورسە هەڵگری ماددەی ژەهراوی و شێرپەنجەن.
لە ناوچەی تانجەرۆ، بەشۆفڵ لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیێتی سلێمانییەوە ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە تێکدران کە بە ئاوی قورس بەرهەمهێنراون، ئەوەش لە پاش ئەوەی لە پشکنینی تاقیگەدا دەرچووە سەوزەکە مەترسیدارە، شیاوی خواردن نییە و ماددەی ژەهراوی تێدایە.
بۆچى ئەمە کراوە؟
- لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە سەوزەکە براوەتە تاقیگە و دوو پشکنینی بۆ کراوە.
- پشکنینی کیمیایی و پشکنینی بەکتریۆلۆجی.
- پاش 12 کاتژمێر لە پشکنینی تاقیگەکە دەرکەوتووە، سەوزەکە شیاوی خواردن نییە و زۆر مەترسیدارە و پێکهاتەی ژەهراوی تێدایە.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان بۆ کەناڵ8:
- ئەمە یەکەمجار نییە ئەو زەوییانە بکرێن بە سەوزە.
- ساڵانی ڕابردووش هەمان رێکاریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ئاگادارکراونەتەوە کە نەیکەنەوە بە سەوزە.
- لەسەر ناڕەزایی جووتیارەکان کە گوایە سەوزەکەیان کێشەی نییە، بۆیە لە تاقیگەکان پشکنینیان بۆ بەرهەمی سەوزەکان کردووە.
- ئەنجامی تاقیگەکان زۆر خراپن.
- هەربۆیە بڕیاردراوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان زەوییەکە تێکبدرێت.
- سەرچاوەی ئاوەکەش گیراوەتەوە و تێکدەدرێت و ڕێگە بە جووتیاران نادرێت دووبارە ئەو کارەبکەنەوە




