سەرۆکى دیوانى پەرلەمانى کوردستان: بانگەوازی کۆبوونەوەی پەرلەمان هیچ پەیوەندى بە ئێمەوە نییە
پووختەی هەواڵەکە
- دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بانگێشتنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران بڵاوکردەوە.
- دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو بانگێشتنامەیەی ئاڕاستەی پەرلەمانتاران کراوە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
- دیوانی پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، تەنیا 43 پەرلەمانتار واژۆی ئەنجامدانی دانیشتنیان کردووە.
سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکیدا کە واژۆی ئەردەلان محەمەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لەسەرە ، ڕایگەیاندووە، ئەو بانگێشتنامەیەکی لە سایتى پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە هیچ پەیوەندى بە ئێمەوە نییە”.
سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان:
- بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگاداربکەینەوە کە ئەم بانگهێشتنامەیە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
- هیچ کەس و لایەنێکمان ڕانەسپاردووە بۆ ئەم ئەرکە.
- تا ئێستا ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمان کە (٥٠+١)ـە بە فەرمی بەدەست ئێمە نەگەیشتووە.
- تەنیا واژۆی (٤٣) ئەندامی پەرلەمان بە فەرمی بە ئێمە گەیشتووە.
- لە کاتێکدا ئێمە لە دەوامی فەرمی ئاسایی خۆمانین، هەر کاتێکیش ئەو ڕێژە یاساییە بەردەست بوو، هۆڵی پەرلەمان ئامادەیە و کراوەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە فراكسیۆنەکانى پارتى، سۆسیالیست و توركمان و كلدان ئاشوورى داوایان کرد چوارشەممە دانیشتنى تەواوکارى یەکەم دانیشتنى پەرلەمان بکرێت. دواتریش نوسراوێک لە ناوی دیوانی پەرلەمانەوە بڵاوکرایەوە و کە دوالە پەرلەمانتاران کرابوو سبەی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەبن .
بە گوێرەی زانیارییەکانیش ئەگەر دانیشتنیش بکرێت ، فراكسیۆنەکانی یەكێتی، نەوەی نوێ و یەكگرتوو، فراکسیۆنێکى تورکمان و فراکسیۆنێکى کریستیان بەشداریى دانیشتنەکە ناکەن




