زانیاریى نوێ؛ پشکی هەرێمى کوردستان زیاددەکرێت و هێڵە سوورەکانیش دیاریدەکرێن

بە گوێرەى بەدواداچوونەکان، بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە گۆڕانکارى لە بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان بکات و سازش لەسەر هەندێک لە داواکارییەکانى بکات، بەڵام ئامادە نییە سازش لەسەر دۆسیەکانى نەوت، داهاتى نانەوتی و ئەسیکۆدا بکات و بە هێڵى سووریان دەزانێت.
بەپێی زانیارییەکان خودی فالح سارى وەزیرى دارایی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە:
- بەغداد ئامادەیە ماددەى 10 کە تایبەتە بە بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان هەموار بکاتەوە و چەند بڕگەیەکى لاببات.
- بەشێک لە بڕگەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و بەغداد سازشى تێدا ناکات.
- بەغداد ئامادەیە ڕێژە و پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.70% زیاد بکات بۆ زیاتر لەسەدا 13%.
- ڕەنگە بە 14.14%ش ڕەزامەندى پیشان بدەن ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دانوساندنەکان.
- بەغداد سازش لەسەر 12 تریلیۆن دینارى قەرز لەسەر هەرێمى کوردستان دەکات کە لەماددەى 10ـى پڕۆژەى بودجە داواکراوەتەوە.
- سێ تریلیۆن دینارى قەرزى بانکى بازرگانى تى بى ئایە و نۆ تریلیۆن دینارى پارەى تەرازووى پێداچوونەوەى ساڵانى 2014 تاوەکو 2024 ـیە و ئامادەیە ئەو بڕگەیە لاببات.
- بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە لە بودجەی ساڵی 2027، داواى غازى سروشتى لە هەرێمى کوردستان نەکات، ئەم داواکارییە بۆ بودجەى ساڵى 2028 دوابخات.
لەبەرامبەردا بەغداد لەسەر دۆسییەى نەوتى خاو، داواى 445 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەکات و بۆ ئەوەش لەسەر بنەماى داتاکانى کۆمپانیاى نێودەوڵەتى داتایەکى خستووەتەڕوو، کە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2027 تواناى 650 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەی هەیە، هاوکات ڕێکخراوى هەناردەکارى نەوت(ئۆپێک) ئاگادارى داتاکانى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستانە و زانیارییان داوەتە بەغداد.
بەهۆى زۆرى ئاڵنگارییەکان و بەربەستەکان لە بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان و قورسى جێبەجێکردنى ماددەى 10 لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، جۆرێک لە بێ متمانەیی لاى هەرێمى کوردستان دروست بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت لەسەر دۆسیەکانى نەوت و داهاتى نانەوتیی و ئەسیکۆدا قەناعەت بە بەغداد بکەن، هەر بەم هۆیەوە بەمزووانە شاند ناچێتەوە بەغداد.



