ئامانج جەلال: سلێمانی لەباشترین قۆناغی بونیادنانی خزمەتگوزاری گشتیدایە

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەئێستادا سلێمانی لەباشترین قۆناغی بونیادنانی خزمەتگوزاری گشتیدایە، دەشڵێت: هیچ رێگرییەک لەبەردەم تۆمارکردنی خانوو شوقە و یەکە بۆ خەڵکی ناوەڕاست و خواروی عیراق نییە بەڵکو پرۆسەکە بەردەوامە و دڵنیایش دەدەم ئەوانەی لەپێشووشدا موڵکیان بە ناوی خۆیانەوە تۆمارکردووە هیچ کێشەیەکی یاساییان بۆ دروست نابێت.
ئامانج جەلال بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: سەرەڕای قەیرانی جەنگ و ئاڵۆزی ناوچەکە، دوو ساڵی زۆرباش لەبواری وەبەرهێنان و پێدانی مۆڵەت بەڕێدەکەین و دەتوانین بڵێین پرۆسەی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی سەقامگیر و سەرکەوتووە، پەرەیەکی زۆر بە سەرجەم سێکتەرەکان دراوە بە تایبەت سێکتەری گەشتیاری و پیشەسازی، کە ئەم هەنگاوانەش بۆ پاڵپشتییەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەگەڕێتەوە و هاوکارێکی باشمانە بۆ لابردنی لەمپەڕەکان و کەمکردنەوەی رۆتینەکان، جگە لە هاوکاری بەردەوامی ئیدارەی خۆجێی شاری سلێمانی، خۆشبەختانە لەئێستادا سلێمانی لەباشترین قۆناغی بونیادنانی خزمەتگوزاری گشتیدایە.
سەبارەت رێگرییکردن لە خەڵکی ناوەڕاست و خواروی عیراق بۆ تۆمارکردنی خانوو شوقە و یەکە بە ناوی خۆیانەوە ئاماژەی بەوەکرد: دادگای کارگێڕی سلێمانی بڕیارەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی پارێزگاری پێشووهەبووە، دواجاریش روونکردنەوەیەکی تەواو لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانییەوە دراوە، کە هیچ رێگرییەک لەبەردەم تۆمارکردنی خانوو شوقە و یەکە بۆ خەڵکی ناوەڕاست و خواروی عیراق نییە، بەڵکو پرۆسەکە بەردەوامە و دڵنیایش دەدەم ئەوانەی لەپێشووشدا موڵکیان بە ناوی خۆیانەوە تۆمارکردووە هیچ کێشەیەکی یاساییان بۆ دروست نابێت.



