قوباد تاڵەبانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پیشوازی کرد لە جۆناسان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە (19/10/2026) لە هەولێر بە ئامادەبوونی عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییە سەربازییەکانی بەریتانیای کرد بە تایبەت لە کاتی شەڕی داعش و لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا. هیواشی خواست هاوکارییەکان لە چوارچێوەی راهێنان و زیاتر بە دامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و کردنەوەی کۆلێژی ئاسایشی نیشتمانیی زانکۆی سلێمانیدا بەردەوام بێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشدا لە دوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کاردەکەن بۆ رێکخستنەوە و دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرا. هەردوولا هاوڕابوون پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز لە هەرێم کاریگەریی گرنگی دەبێت بۆ سەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراقیش، قوباد تاڵەبانی تەواوکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی فیدڕاڵی بە هەنگاوێکی گرنگ ناوبرد و بە پێویستی زانی لە دوای ئەم هەنگاوەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی کۆچی نایاسایی کرا. لەمبارەیەوە جەخت کرایەوە لەسەر زیاترکردنی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی گەنجان. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران روونیکردەوە گەشەپێدانی ئابووری و بە تایبەتیش گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی بەرزترین رێژەی کۆچیان هەیە، باشترین رێگەچارەی کەمکردنەوەی کۆچی نایاساییە. لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژەیدا بە گرنگیی دەزگای پەرەپێدانی راپەڕین و داوایکرد حکومەتی بەریتانیا زیاتر هاوکاری ئەو دەزگایە بکات بۆ گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ئەو دەڤەرە.








