وەزارەتی كارەبا: پسووڵەی 50هەزار هاوبەشی رووناكی دەخرێتە ناو داشكاندنی 50%ـەوە

وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند: كە بۆ ئەوەی 50,000 هاوبەشی پڕۆژەی رووناكی لە داشكاندنی 50% سوودمەند ببن، كۆی گشتیی پسووڵەی مانگانەیان كە دەگاتە 20 ملیار دینار، بۆ قەرزی كۆن گواستراوەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن تا سەعات 12ی شەو پارە بدەن و لەم داشكاندنە سوودمەندبن.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بۆ ئەوەی 50,000 هاوبەشی ڕووناكی سوود لە داشكاندنی 50% وەربگرن، پارەی پسووڵەی مانگانەی ڕووناكییان، كە كۆی گشتی دەگاتە 20 ملیار دینار، گواستراوەتەوە بۆ قەرزی كۆن وەك بەشێك لە كارئاسانییەكانی پڕۆژەی ڕووناكی.
راشیگەیاندووە: ئەمڕۆ سەیری هەژماری خۆتان لە ئی-پسووڵە بكەن، ئەگەر قەرزی كۆن جارێكی تر لە هەژمارەكەتاندا دەركەوتووە، ئەوە مانای ئەوەیە كە پسووڵەی مانگانەی ڕووناكییەكەت گواستراوەتەوە بۆ قەرزی كۆن، بۆ ئەوەی وەك هاوبەشێك سوودمەند بیت لە داشكاندنی 50%ـی كارەبا. لە هەمان كاتیشدا، ئەگەر خۆت تۆمار كردبێت، لەڕێگەی كورتەنامەشەوە ئاگادارت دەكەینەوە كە ئەم داشكاندنە دەتگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەم بڕیارە تەنها بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێكراوە كە ماوەیەكی زۆر بوو پسووڵەیان بۆ نەهاتبوویەوە و ئێستا پسووڵەیەكی كەڵەكەبوویان بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی سوود لەم داشكاندنە وەربگرن.
وەزارەتی كارەبا ئەوەشی راگەیاندووە: هاوبەشان تا سەعات 12ی شەوی ئەمڕۆ 18ی 10ی 2026، كاتیان هەیە بۆ پارەدان و سوودوەرگرتن لە داشكاندنەكە.



