لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەشداریی چوارەمین فێستیڤاڵی کولتووریی کۆری لە سلێمانی کرد.

.لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەشداریی چوارەمین فێستیڤاڵی کولتووریی کۆری لە سلێمانی کرد
ئەمڕۆ، ٢٠٢٦/١٠/١٧، هەڤاڵ دارا خەیلانی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداریی چوارەمین فێستیڤاڵی کولتووریی کۆری لە شاری سلێمانی کرد.
ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن کونسوڵخانەی کۆماری کۆریا لە هەولێر و بە هاوبەشیی ڕێکخراوی ITALK بەڕێوە دەچێت.
فێستیڤاڵەکە، لە چوارچێوەی چاڵاکییە کولتوورییەکاندا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ناساندنی کولتوور، هونەر و دابونەریتی کۆریا و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری لەنێوان کۆماری کۆریا و هەرێمی کوردستان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە باوەڕبوون بە گرنگیی دیپلۆماسیی کولتووری و ڕۆڵی لە نزیککردنەوەی گەلان و پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەمیشە پشتیوانیی چاڵاکی و پرۆگرامە هاوبەشە کولتوورییەکان دەکات و هانی پەرەپێدانی زیاتر و بەردەوامی ئەم جۆرە هەوڵانە دەدات.
بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە چاڵاکییانە ڕۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان و پەرەپێدانی تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان گەلاندا دەگێڕێت، هەروەها دەرفەت بۆ ناسین و نزیکبوونەوەی زیاتر لەنێوان کولتوورە جیاوازەکان دەڕەخسێنێت.
بەشداریی نوێنەرانی لایەنە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لەم جۆرە بۆنانەدا، نیشانەی گرنگیی کولتوور و دیپلۆماسیی کولتوورییە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکان و پتەوکردنی بنەماکانی هاوکاری و تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان گەلاندا.














