بڕیارە ئەم هەفتەیە لیستى مووچەى مانگى 10 ڕەوانەى بەغداد بکرێت

لە دهۆک و سلێمانى بە سیستمى پەیڕۆڵ تەواوکراوە، لە یەکەمیاندا بۆ وەزارەتى دارایى نێردراوە، لە کاتێکدا لە دووەمیاندا وردبینى ماوە.
فرسەت سەلیم، بەڕێوەبەری بایۆمەتریی پارێزگاى دهۆک ڕایگەیاند :
- لیستى مووچە بە سیستمى پەیڕۆڵ تەواو کراوە.
- لەلایەن گەنجینەکانى دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ و ئامێدی، وردبینى بۆ کراوە و ڕادەستى وەزارەتى دارایی کراوە.
- ئەم هەفتەیە لیستى مووچەى مانگى 10 بە سیستمى پەیڕۆڵ ڕەوانەى بەغداد دەکرێت.
یادگار جەبار، سەرپەرشتیارى بایۆمەتریى پارێزگاى سلێمانى
- لیستەکە بە سیستمى پەیڕۆڵ تەواو کراوە و لەلایەن گەنجینەکانەوە وردبینى بۆ دەکرێت.
- دواى وردبینى ڕەوانەى وەزارەتى دارایی دەکەین.
لیستەکان کۆدەکرێنەوە
وەزارەتی دارایی، سەرقاڵی کۆکردنەوەی لیستی سەرجەم پارێزگاکانە بۆ ئەوەی بە ئەلیکترۆنی ڕەوانەی بەغدادیان بکات، هاوکات لیستی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەهیدان، بە جیاواز لە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت.
پاش گەیشتنی لیستەکان، وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە ناوەکان و بڕی پارەکە دەکات، شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە لەسەر هەر گۆڕانکارییەک دەدات، ئەگەر لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە تێبینى و سەرنجیان هەبێت.
لیستی مووچەی مانگی 10 لەلایەن هەزار و 189 یەکەی ژمێریارییەوە بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت.



