وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 250 تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنرانەوە

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا دەست بەسەر 785 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و هەر لەو ماوەیەدا 250 تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنراونەتەوە.
ئامارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بڕیارەکانی دادگا
- لە نێو تۆڕە هەڵوەشێنراوەکانی بازرگانیکردندا، 34 تۆڕیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریان کردووە.
- لەو ماوەیەدا بڕیاری دادوەری بۆ 2175 تۆمەتبار دەرچووە، کە 59 تۆمەتباریان سزای لەسێدارەدان و 254 تۆمەتباری دیکە سزای زیندانیی هەتاییان بۆ دەرکراوە.
- بڕیارە دادوەرییەکان 952 تاوانبار بەگوێرەی ماددەی 28 و 837 بەکارهێنەر و 220 بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لەخۆدەگرن.
- دەست بەسەر نزیکەی 1770 هەزار حەبی بێهۆشکەر و جۆرەکانی دیکەی وەک کریستاڵ، کاپتاگۆن، حەشیشە، ترامادۆڵ، کۆکاین و هێرۆیندا گیراوە.
کەمبوونەوەی ئاستی تاوان و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردووی تەمەنی کابینەی حکومەتدا، ئاستی پێشێلکارییەکان دابەزینی بە بەرچاوی تۆمارکردووە، بە جۆرێک ناکۆکییە خێڵەکییەکان بە ڕێژەی 71% و تاوانی ڕفاندن بە ڕێژەی 44% لە عێراق کەمی کردووە.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی لێدانی زەبری کاریگەر لە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و ئەوانەی یاری بە ئاسایشی هاووڵاتییان دەکەن، توانیویانە ژێرخانی سەرەکیی سەرجەم ئەو گرووپ و تۆڕانە تێکبشکێنن کە کاری بازرگانییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە.



