٣٥ ساڵ لە خزمەتی منداڵان

٣٥ ساڵ لە خزمەتی منداڵان
بەبۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، رێورەسمێکی تایبەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هاوکاران، پشتیوانان و هاوبەشانی ڕێکخراوەکە بەڕێوەچوو.
لە بۆنەکەدا باس لە مێژووی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا کرا و ئاماژە بە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخراوەکە لە بوارەکانی پاراستنی منداڵان، پشتیوانیکردنی خێزانەکان، تواناسازی و پەرەپێدانی گەنجان و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژیانی باشتر بۆ منداڵان کرا.
لەوبارەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، ڕێڕەوێکە کە بە توانایەکی سنووردار دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی باوەڕ بە پەیامەکە و بەهۆی هەموو ئەو کەسانەی لەم ڕێڕەوەیا لە گەڵمان بوون، بەردەوام بوو و گەشەی کرد.
خاتوو شاناز سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنەی کرد کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی ڕێکخراوەکە و پەیامی منداڵپارێزی کوردستانیان کردووە؛ چ بە هاوکاریی ڕاستەوخۆ، چ بە دابینکردنی دەرفەتی کار و ڕاهێنان و تواناسازی، یان بە پشتگیریکردن لە چالاکی و دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکان.
لەو رێورەسمەدا پیرۆزبایی و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەکرا کە لە ڕابردوودا بەشێک بوون لە چیرۆکی منداڵپارێزی کوردستان و هێشتا لەگەڵ پەیامەکەیدا بەردەوامن.

















