دابەشکردنی مووچەی ئاب لە ماوەی چوار ڕۆژدا دەستیپێکرد

دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب بە لێبڕینێکی گەورەی دارایی لەلایەن بەغدادەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی زیاتر لە 126 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی و شایستەی خانەنشینان ڕاگیراوە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەکەی بەجۆرێک داناوە کە لە ماوەی تەنها 4 ڕۆژدا تەواوی چین و توێژەکان مووچە وەربگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:
- وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئاب ڕەوانە کردووە.
- بەغداد بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە تەمویلەکە بڕیوە.
- بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دینار لە شایستەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی نەنێردراوە.
- خشتەی دابەشکردنەکە لە ڕۆژی سێشەممەوە بە خانەنشینان دەستپێدەکات و لە ڕۆژی شەممە بە هێزە ئەمنییەکان کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان:
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە کۆی 86 هەزار وارسی شەهید، زیندانیی سیاسی و بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، 62 هەزاریان کارتی “هەژماری من”یان وەرگرتووەتەوە. هاوکات لە سنووری پارێزگای سلێمانی 12 هەزار وارسی شەهید هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە و 1 هەزار و 200 کەسیش هەژماریان نییە، بەڵام دڵنیایی دا کە سەرجەم ئەو کەسانەی کارتیان نییە یان کارتەکانیان چالاک نەکراوە، بۆ ئەم مانگەش بە شێوازی نەریتی لەو بانکانەی پێشتر مووچەیان لێوەرگرتووە، مووچەکانیان بەبێ گرفت وەردەگرن.



