بەغداد مەرج بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێم دادەنێت

دۆسیەی بەهەمیشەییکردنی 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی هەرێمی کوردستان لە بەغداد تووشی ئاستەنگ بووەتەوە، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی توانای دارایی داواکاریی سەرەکیی شاندی دانوستانکاری ڕەتکردووەتەوە و ڕەزامەندییەکەی تەنها بۆ بەشێکی دیاریکراو سنووردار کردووە.
داواکاری و پێشنیازەکانی شاندی هەرێمی کوردستان:
- داواکاریی سەرەکی بریتی بووە لە بەهەمیشەییکردنی سەرجەم 86 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیدا.
- پێشنیاز کراوە ئەگەر بەغداد توانای لەخۆگرتنی هەموویانی نەبێت، دەسەڵات بە هەرێمی کوردستان بدرێت کە خۆی بڕیار بدات مامۆستایان یان فەرمانبەران بکاتە هەمیشەیی.
- تاوتوێی پلانێکی جێگرەوە کراوە بۆ ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە بودجەی ئەمساڵدا جێگیر بکرێن.
هەڵوێست و مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵی بەغداد:
بەغداد بە فەرمی بە شاندی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە توانای دارایی نییە سەرجەم ئەو 86 هەزار کەسە بکاتە هەمیشەیی، هەروەها ناتوانێت دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و سێ یەکەمەکانیش دابمەزرێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەزامەندیی سەرەتایی بۆ بەهەمیشەییکردنی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەربڕیوە، بەو مەرجەی ناوی ئەو فەرمانبەرانە پێشتر لە لیستی مووچەی سەردەمی حکومەتی ڕابردووی فیدراڵدا بۆ بەغداد نێردرابێت و تۆمار کرابێت.



