بێگەرد تاڵەبانی: پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی عیراق بێت
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عیراق گفتوگۆیان لەسەر 11 خاڵ کردووە، داواش دەکات، کە پشکی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم، هاوشێوەی پشکی جوتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عیراق بێت.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە ئێستا بەسەردانێك لە بەغدادە، رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕیان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عیراق و وەفدی یاوەری ئەنجامداو لەسەر 11 خاڵ بەیەکەوە گفتوگۆیان کردووە، هەر 11 خاڵەکە لە بەرژەوەندیی هەردوو وەزارەتن بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێشەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەسەر دۆسێ هاوبەشەکان بە تەواوەتی کۆتاییان پێبهێنرێت.
وتیشی، عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەک سەبەتەی خۆراکیی هەیە و تەواوکەری بازاڕی یەکترین، پێویستە مافی جووتیاران لە سەرتاسەری عیراق وەکو یەک بپارێزرێت و لەسەر رۆژمێرێکی کشتوکاڵی یەکگرتوو بڕیاری کۆتایی بدەن و پابەند بن پێوەی.
روونیشیکردەوە، لیژنەیەک لە عیراق بە سەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵی عیراق ساڵانە کۆدەبێتەوەو داوایانکردووە لە مانگی 10 یاخود لە سەرەتای مانگی 11 ئەم لیژنەیە بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بە جۆرێک وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەکرێت، بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بكرێت




