عەلی زەیدی گەشتێکی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستپێکرد
سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ ماکرۆن و مێرتز کۆدەبێتەوە؛ بەهێزکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان و ئیمزاکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن تەوەری گفتوگۆکان دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەسەر داوەتنامەی رەسمیی حکومەتەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا، بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی ئاستبەرز، گەشتێکی ئەوروپیی بۆ پاریس و بەرلین دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کردنەوەی ئاسۆی فراوانتر بۆ هاوبەشییە ئابووری و ئەمنییەکان.
لە میانی ئەم سەردانەدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە. گفتوگۆکان لەسەر کۆمەڵێک دۆسێ و پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هاوبەش، لەگەڵ ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ئابووری و سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان دەبن.
زەیدی سەرۆکایەتیی دانوستانەکانی عیراق لەگەڵ لایەنی فەرەنسی و ئەڵمانی دەکات، کە تێیاندا ئیمزا لەسەر چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری وزە، ئاسایش، گواستنەوە، پەروەردە و کلتوردا دەکرێت، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان




