هاتوچۆی سلێمانی مەرجی نوێی بۆ نۆرەگرتنی مۆڵەتی شۆفێری راگەیاند
بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری لە وەرگرتنی کۆدی نۆرەگرتن، بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی نوێی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە کە لە ڕۆژی شەممە، ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٦ەوە کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئاگادارییەکە، لە کاتی پڕکردنەوەی خشتەی تایبەت بە کۆدی سەردانیکردن، پێویستە هاووڵاتییان بە وردی زانیارییە ڕاستەقینەکانی خۆیان تۆمار دانێن؛ لەوانە ناوی سیانیی دروست، ژمارەی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆی خاوەن مامەڵەکە، لەگەڵ وێنەیەکی ڕوونی رووخساری کەسەکە. بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە کە وێنەگرتنەوە لە شاشە یان دەستکاریکردن و ئیمۆجی ڕێگەپێدراو نییە.
لە کاتی سەردانیکردنی بەشی مۆڵەتدا، تەواوی زانیارییەکان لە ڕێگەی (QR Code Reader) چێک دەکرێنەوە. لە حاڵەتێکدا زانیارییەکان دەستکاری کرابن یان لە سیستەمدا نەبن، مامەڵەی کەسەکە بەهیچ شێوەیەک ڕایی ناکرێت. هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە شەفتی بەیانیان لە ڕۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە بەردەست دەبێت، لە کاتێکدا شەفتی ئێواران تەنیا ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە بۆ هاووڵاتییان چالاک دەکرێت




