ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

شاندی هەرێمی کوردستان لە بە‌غداد دۆسییەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانی بە کارى لە پێشینە داناوە

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە بۆ گەڕاندنەوەی مافە داراییە ڕاگیراوەکانی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت داواکردنی 29 تریلیۆن دینار و خەرجکردنی 94 ملیار دیناری مانگانە بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ دامەزراندنی 16 هەزار دەرچووی یەکەم و بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان لە بودجەی 2027ـدا.


داواکاری و کارەکانی شاندی هەرێمی کوردستان:

  • داوای پشکی 14.1% دەکات لە پرۆژەیاسای بودجە کە دەکاتە 29 تریلیۆن دینار (زیاتر لە 23 تریلیۆنی بۆ بەکاربردن و 5 تریلیۆن و 500 ملیاری بۆ وەبەرهێنانە).
  • داوای تەرخانکردنی 94 ملیار دیناری مانگانە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی دەکات کە لە ساڵی 2026ـەوە ڕاگیراوە.
  • داوای زیاتر لە 2 تریلیۆن دینار بۆ قەرەبووی خانەنشینان و هاوتاکردنی مینحەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان دەکات.
  • داوای دامەزراندنی 16 هەزار کەس لە سێ یەکەمەکانی زانکۆکان و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست دەکات.
  • دەیەوێت ڕادەستکردنی نەوت بە 300 هەزار بەرمیل جێگیر بکرێت، گلدانەوەی ناوخۆیی بۆ 140 هەزار بەرمیل زیاد بکرێت، و گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی بە ڕێژەی 50% جێگیر بکرێت.

هەڵوێست و داواکارییەکانی بەغداد:

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی نووسینەوەی “بودجەی پڕۆگرام و دەرئەنجام”ـە بۆ ساڵی 2027، کە تیشک دەخاتە سەر ئەنجامی کارەکان نەک تەنیا خەرجییەکان. بەغداد بە فەرمی داوا دەکات هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕادەست بکات، هەروەها دەیەوێت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمیش هاوشێوەی نەوت ڕادەستی ناوەند بکرێن.

زانیاریی لەسەر بابەتەکە:

ڕۆژی 21ـی ئاب، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەشێوازی ئەلیکترۆنی و کاغەز داواکاریی پشکی بودجەی ساڵی 2027ـی ناردووەتە بەغداد. هەرێمی کوردستان لە 27ـی ئەیلولی 2025ـەوە پابەندبووە بە ڕادەستکردنی نەوتی خاو و داهاتی نانەوتی، بۆیە ئێستا داوا دەکات بەغداد پابەندی ناردنی بودجەی مانگانە بێت و ئەو ڕێککەوتنە کاتییەی تەممووزی 2025 هەڵبوەشێنرێتەوە بۆ دانانی میکانیزمێکی نوێ کە زیان بە دارایی هەرێم نەگەیەنێت.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *