ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

ئاسۆی دەلاك، نەیزەكەكەی ئاسمانی شۆڕش

هەموو وڵاتانی دنیا چیرۆكن و هەموو روداوەكانی دنیا تاق و كۆسار و ئەرشیفی مرۆڤن، مرۆڤگەلێك كە خوێنیان كردووە بە بۆیاغی هەیبەتی خاكەكەیان، خۆیان كردووە بە ماركەی لەبیر نەچوونەوە و شایەتی رابردوون. 
وڵاتی ئێمەش كە زۆنی گەورەی خوێن و ئەلبومی شكۆ و سەروەرییەكانییەتی، باڵای لە باڵای ئەو روداوانەی دنیا كورتتر نییە و پڕە لە نووسینەوە و لەو هونەرە روحیانەی كە مرۆڤەكانی ئێمەش تیایدا چاندوویانە.
ئاسۆی دەلاك، ئەو ناوە بزێوەی كە نەك تەنها شارەكەی خۆی، بەڵكوو جوگرافیایەك و چمكێكی گەورەی دنیا شاهێدی قارەمانێتییەتی، یەكێكە لەو باسانەی كە خاكەكەی و میللەتەكەی و شۆڕشەكەی سنگی پێوە دەردەپەڕێنن و وەك مەدالیایەك بە بەرۆكی گەڕەكەكانی سلێمانییەوەیە، ئاسۆی دەلاك كە تەنها ناوەكەی بە دیواری گەڕەكەكانی شارەكەیەوە، پشت و پەنای هەژار و ژێردەستان و ستەملێكراوانی ژێر دەستی شۆڤێنییەت بوو، ئەو كوڕەی كە خوێنی شادەمارەكانی كوردایەتی بوو، لە بیر ناكرێت و رۆژێكی پرشنگداری لە ساڵدا هەیە، چرایەكی درەوشاوەی دڵە تاریكەكانمان بوو لە رۆژگارە سەختەكاندا.
ئەو كوڕەی كە لەدایك و باوكێكی هەژارەوە هاتە بوون و بوو بە رەچەڵەكی ئازایەتی و ئەو نەیزەكە جەربەزەیەی كە ئاسمانی سیاسەت، حسابی بۆ هەنگاوەكانی دەكرد. 
كوڕێك كە لە لاپەڕەكانی شاخ و لە كتێبەكانی شاردا دەخوێندرێت و نەوە لە دوای نەوە ئازایەتی پێ پێناسە دەكەن، ئاسۆی دەلاكە. ئەو ئاسۆیەی كە جەنەڕاڵ و ئەفسەر و پلەدارەكانی بەعسی لە ژوورە نهێنییەكاندا كۆدەكردەوە بۆ لە ناوبردنی و سڕینەوەی ناوی، رۆژ لە دوای رۆژ داستانی تۆمار دەكرد و ئەوسیستەمە نەزۆكەی دوژمنەكەی پێ دەتۆقاند.
سڵاو لەو رۆژانەی كە راوچی سیخوڕەكان، موژدەی سەربەرزی كوردی دەدا بەگوێی منداڵانی سلێمانیدا، ئەو سەردەمە هەموو منداڵەكانیان ناودەنا ئاسۆ بە هیوای چەكەرەكردنی غیرەت بە هەموو كۆمەڵگادا، سڵاو لەو چركانەی ترس بە ئێسقانەكانی ملازم موحسین و دەست و تاقمەكەیدا هاتوچۆی دەكرد، ئەو حكومەتە ملهوڕەی عیراق دەیان گوژمە پارەی وەك خەرجی و بەخشیش و خەڵات دەبەخشی بەوانەی كە هەواڵێكی ئاسۆی دەلاكیان پێیە، ئەو ئاسۆیە لە ئاسۆی سلێمانییەوە پەیدا دەبوو، لە منداڵدانی شۆڕشەوە ئەو غیرەتە هاتبوو، لە خانووە قوڕەكانەوە ئەو بڵندگۆیە فەتوای سەركەوتنی دەدا.
وڵات و خەڵكەكەی و پەلوپۆكانی سیستمی سیاسیی كوردی، خۆیان بە قەرزاری ئەو گیانبازانە دەزانن كە رۆژگارێكیان هەبوو، سروشتی سیاسی ناوچەكە پێی رادەچڵەكین، ئێستاش ئەگەر چوار كەس خەمی كوردستان و بە تایبەتیش سلێمانییان بێت، ئەوا سێ لەو چواركەسە بە ئازارەكاندا دەچنەوە و ئاسۆی دەلاك بە نموونە دەهێننەوە.
ئێمە خاوەنی ئەو پاڵەوانانەین، شۆڕش بەو ستونانە دروستكرا بۆیە هەتا ئێستاش بە پێوە وەستاوە.
مخابن، ئەو رۆژگارە كاسەلێس و چەتە و شاگردەكانی جاشایەتی و جاشبوون لە ئارادا بوو، ئەوان بوون بە داری ئەو پاچەی كە لە هەوڵی بڕینەوەی درەختی كوردایەتیدا بوون و كورد هەر لە ناو نەدەچوو، چونكە ئاسۆ و هاوڕێكانی سلێمانییان لە كۆڵەكەی سنگیاندا دەپاراست، بە دوكان و قەیسەری و نانەوا و دەستگێڕیان دەوت: (ئێوە پێشمەرگەتان هەیە، لە چی دەترسن، ئێوە ئاسۆی دەلاكتان هەیە كە مووی سەری شۆڤییەنییەت هەڵدەپاچێت و سزای زیاد كردنی مووی بەعسییەت دەدات).
ئێمە ئێستا لە بیرەوەرییەكی تۆ داین كاكە ئاسۆ، ئێمە لەو شوێنە ئارامەداین تۆ بۆت مسۆگەركردین، لەسایەی سەری تۆ و دەمانچەكەت و ئەو نارنجۆكانەت، ئێستا كوردستان كوردستانە، لە سایەی غیرەتی تۆ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانتدا، باسی كوردبوون دەكەین و دڵمان پێی خۆشە، ئێمە لە هەموو تەنگانەكاندا بۆنی قارەمانییەتی تۆ دەكەین.
تەنها باسی هەڵمەتەكانت، بۆسەكانت، گۆشەی كۆڵانەكان خۆ مەڵاسدانی داڵان و هەیوانەكانی شار، یەك كتێبی سەنگینن و كتێبخانەیەكی دەوێت نرخی بزانێت، ئەی كابوسە گەورەكەی دوژمنان و نەیاران،  هەموو ئەوانە دەتناسن كە تامی ترسی تۆیان تیادایە تا ئێستاش، هەموو ئەوانەش هەر دەتناسنەوە كە مێژوویەكی پڕ مانات پێشكەش كردوون، ئێمە ئەگەر ئینكاری مێژووش بكەین، دەكرێت بە ناوە مەزنەكەی تۆوە ئەو كتێبە مەزنە لە خوێندنگاكاندا هەڵبگرین، ئەی شیعر و سروود و هوتافەكانی شاخ چی؟ مەگەر ئەو خەرمانە بەردەوام نییە؟ مەگەر ئەو مەدرەسەیەت بەردەوام نییە؟ مەگەر كوردایەتی بەردەوام نییە؟، ئەم سلێمانییە هەتا بە پێوەبێت، تۆ شكۆیت و ئەم شارەی مەلیك و پاشاكان هەتا هەبێت، تۆ شمشێرە تیژەكەیت و ئەم قەڵەمانەش هەتا هەبن بۆت دەنووسن. سڵاو لەو رابردووەی ئەمڕۆی دروست كرد، سڵاو لەو كوڕەی بە لەقەبی دەلاكەوە بوو بە جەنەڕاڵی غیرەت، سڵاو لە نەیزەكە بزێوەكەی شۆڕش، نەمری بۆ ئێسك و پروسكت لە هەر بستێكی ئەم خاكەدایە، ئەی ئاسۆی دەلاك.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *