سەرۆککۆماری عیراق ستایشی رۆڵی پێشمەرگە دەکات

سەرۆککۆماری عیراق پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی 70 کرد و راشیگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگە لە پاراستنی سەقامگیری وڵاتدا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە.
ئەمڕۆ 6ی9ی2026، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عیراق، پێشوازی لە فەریق روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە کرد و لە دیدارێکدا، باس لە بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتەکان کرا.
سەرۆک کۆمار لەو دیدارەدا، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کردەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی سەقامگیری.
ئاماژەی بەوەشکرد: کە گرنگە پەرە بە تواناکانی هێزی پێشمەرگە بدرێت و ئاستی ئامادەباشیان بەرزبکرێتەوە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی نیشتمانیی هێزی پێشمەرگەی کرد.
لای خۆیەوە، فەریق روکن عومەر ساڵح باسی لە ئەرک و بارودۆخی هێزەکانی 70 کرد، دووپاتییشی کردەوە کە لە کارکردن و هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی دیکە بەردەوام دەبن بۆ فەراهەمکردنی سەقامگیری زیاتر.







