شارەوانی سلێمانی ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەکات

قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەوی لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەستپێدەکات و ڕەزامەندی سەرەتایی بۆ سێ پێگەی نوێ وەرگیراوە، وتەبێژی سەرۆکایەتییەکەش دەڵێت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە شێوازێکی ئەلکترۆنی و بەپێی ساڵانی خزمەت دەبێت و دڵنیایش دەداتە فەرمانبەران بە مافی خۆیان دەگەن و قۆناغ بە قۆناغ زەوییان بەسەردا دابەشدەکرێت.
ئەنجومەن حسێن وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند: پرسی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە لیژنەیەک سپێردراوە، کە لیژنەکە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری فەرمانگەکان دەکەن و ئەرکیان دیاریکردن و دەستنیشانکردنی پێگەیەکی شایستەیە، تاوەکو بدرێن بەفەرمانبەران، لەئێستاشدا سێ پێگەی نوێی پێشنیازکردووە و رەزامەندی سەرەتایی لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانییەوە بۆ وەرگیراوە.
راشیگەیاند: لیژنەکە لەقۆناغی تەواوکردنی رێککارەکاندان و زۆر بە چڕی کاری تێدا دەکەن، چاوەڕواندەکرێت کارەکان بەزوویی تەواوبکرێن و قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەوی لەسنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رابگەیەنرێت.
وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان بەشێوازێکی ئەلکترۆنی و بەپێی ساڵی خزمەت دەبێت، تاوەکو ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان زیاترە، زووتر بە مافی شایستەی خۆیان بگەن و سوودمەند بن، هاوکات سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەڵێن دەدات، هەر فەرمانبەرێک رێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بیگرێتەوە، بە دڵنیاییەوە بە مافی خۆیان دەگەن و قۆناغ بە قۆناغ زەوییان بەسەردا دابەشدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەچەند قۆناغێک زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی لە سێکتەرەکانی (فەرمانبەران، لاوان، سۆتکە) بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون.



