کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی گومرگی ئۆتۆمبێلی مایڵد هایبرید لە هەرێم

لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی گومرگی لە 1ـی ئەیلولدا، بازاڕی ئۆتۆمبێل ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی لە نرخ دەبێتەوە. بازرگانان هۆشداری دەدەن کە سەپاندنی گومرگی 15% بۆ سەر ئۆتۆمبێلی مایڵد هایبرید، تێچووی هاوردەکردن بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بە بڕی 1500 دۆلار یان زیاتر زیاد دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی داواکاریی کۆمپانیاکانی نەداوەتەوە.
داواکاریی بازرگان و کۆمپانیاکان:
- بازرگانان داوایان کردووە وادەی لێخۆشبوونەکە تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بارانەی لە ڕێگەن بیگەیننە دەروازەکان.
- هۆکاری داواکارییەکەیان بۆ ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و درەنگ گەیشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەڕێننەوە.
- جەخت دەکەنەوە کە ساڵانە هەزاران ئۆتۆمبێلی مایڵد هایبرید هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و گومرگکردنیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کڕیاران دەبێت.
- هانایان بۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو درێژبکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە.
بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان:
وەزارەتی دارایی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا بڕیاری دا ئۆتۆمبێلی مایڵد هایبرید لە لیستی لێخۆشبوونی گومرگی دەربهێنێت. لە ئێستادا تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەتوانن بەبێ گومرگ داخل بن کە تاوەکو 1ـی ئەیلول دەگەنە دەروازە سنوورییەکان. ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە کە بە بەنزین کاردەکەن و خاوەنی پاترییەکی هاوکارن بۆ کەمکردنەوەی سووتەمەنی، لەمەودوا بەپێی نرخەکانیان گومرگ دەکرێن؛ بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکی 10000 دۆلاری، بڕی 1500 دۆلار گومرگی دەچێتە سەر.



