خوێندنى باڵا: 19 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لەسکۆلەرشیپی وڵاتی چین سودمەندبوون

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە 19 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە سکۆلەرشیپی وڵاتی چین بۆ قۆناغە جیاوازەکان سوودمەند بوون و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان بۆ ڕێکخرا.
رێورەسمەکە، بە ئامادەبونی د. یاسین ساڵح بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان و خوێندکارانە سەرکەوتوەکان بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان وێڕای گەیاندنی سوپاس و پێزانینی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وڵاتی چین و زانکۆکانی ئەم وڵاتە و کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بۆ هەوڵ کارەکانیان بەمەبەستی پێشکەشکردنی سکۆلەرشیپی ساڵانە بە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان.
دوپاتیشیکردەوە، دڵخۆشین فێرخوازانمان لە هەرێمی کوردستان توانیویانە ئەنجامی زۆر باش بەدەستبهێنن و ببنە خاوەنی کورسی خوێندن لەم وڵاتە، بۆیە داوایان لێدەکەین وەکو باڵیۆزی کورد و هەرێمی کوردستان لەم وڵاتەدا ئەوپەڕی ئاست بەرزی و نمونەی زیرەک و بە توانایی خۆیان لە بوار و پسپۆڕییەکەیان رەنگبداتەوەو دوای گەڕانەوەشیان خزمەت پێشکەش بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
هاوکات، کونسوڵی گشتی هانی خوێندکارەکانیدا کە لە چین بە چڕی بخوێنن، پەرە بە تواناکانیان بدەن و دوای تەواوکردنی خوێندن بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان.
هیواشی خواست خوێندکاران ئەوەی لە چین دەیبینن و فێری دەبن لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هاوبەشی بکەن و بەشداری بکەن لە بنیاتنانی لێکتێگەیشتن و دۆستایەتی یەکتر لە نێوان گەلانی هەردولادا.
لەلایەن خۆشیانەوە خوێندکارەکان پێزانینی خۆیان بۆ دەرفەتی خوێندن لە چین دەربڕی و ڕایانگەیاند دەرفەتەکە دەقۆزنەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانا پیشەییەکانیان، سوود لە ئەزموونی چین وەردەگرن و وەک باڵیۆزی دۆستایەتی نێوان چین و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2026دا، 19خوێندکاری هەرێمی کوردستانی سکۆلەرشیپی حکومەتی چینیان بۆ پرۆگرامەکانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر ودکتۆرا وەرگرت، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی تۆمارکراوە لە ساڵێکدا.





