وەزارەتی پێشمەرگە: وێنە و ڤیدیۆی سەربازی بپارێزن و بۆ کەسی مەنێرن

وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریی دەداتە ئەفسەر و پێشمەرگەکان و رایدەگەیەنێت؛ وێنە و ڤیدیۆی سەربازی بپارێزن و بۆ کەسی مەنێرن.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا داوا لە تەواوی ئەفسەران و پێشمەرگەکان دەکات وشیار بن و وێنە و ڤیدیۆی سەربازیی خۆیان رادەستی هیچ کەس و پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نەکەن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەم رۆژانەدا بەشێک لە پەیج، ئەکاونت و کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوایان لە پێشمەرگەکان کردووە وێنە و ڤیدیۆکانیان بە جلوبەرگی سەربازی و لە کاتی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکاندا بۆ بنێرن.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە مەبەستی پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتییەکان و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی ئاسایش، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکه ن و بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە بەڵگەنامە و وێنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵوگۆڕ نەکەن تا خۆیان و یەکە سەربازییەکانیان پارێزراو بن.



