ڕێنمایی نوێی کارەبای سلێمانی بۆ دانانی سیستمی سۆلار

ڕێنمایی نوێ بۆ هاوبەشانی کارەبا لە سلێمانی دەرکراوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت سیستمی وزەی خۆر دابنێن. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە هەر هاوبەشێک مەرجە تەکنیکییەکان و سنووری ئەمپێرەکان ببەزێنێت، ڕێگەی پێنادرێت ببەسترێتەوە بە تۆڕی نیشتمانی و سوود لە گەڕانەوەی وزە و هەژمارکردنی پارە وەرناگرێت.
ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا: سیروان محەممەد، گوتەبێژى کارەباى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند:
- هاوبەشان پێویستە پێش کڕین و دانانی سیستمەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا و فرۆشتنی وزە بکەن.
- پێوەری سنگڵ فەیز بۆ گۆڕینی کارەبا بۆ سۆلار، سنووری 50 ئەمپێری بۆ دیاریکراوە.
- پێوەری سری فەیز نابێت توانای سۆلارەکەی لە 50 کیلۆوات بۆ هەر فەیزێک و 80 ئەمپێر زیاتر بێت.
- بۆ کارەبای پیشەسازی و کشتوکاڵی، پێویستە تەزووی گەڕاوە لە ئەمپێری سەر (C.T) زیاتر نەبێت.
- ئەگەر قەبارەی سۆلار لە توانای پێوەرەکە زیاتر بێت، گەڕاوەی کارەبا بۆ خاوەنەکەی هەژمار ناکرێت.
ئامار و پاشخانی تەکنیکی:
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەکنیک لە کارەبای سلێمانی، تاوەکو ئێستا 4,562 هاوبەش سیستمی سۆلاریان داناوە و تۆمار کراون. کۆی گشتی وزەی بەرهەمهاتوو لە ڕێگەی خۆرەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 102 مێگاوات. لە کۆی گشتی بەشداربووان، 3,747 هاوبەشی ماڵان، 659 بازرگانی، 134 کشتوکاڵی، 15 پیشەسازی و 7 هاوبەشی حکومین. سیروان محەممەد، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێنماییانە تەنیا بۆ هاوبەشە نوێیەکانە و ئەوانەی پێشتر سیستمەکەیان داناوە ناگرێتەوە.



