شەهید و فەرماندەی نەمر(جەمالى عەلى باپير)

٤٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شەهیدبوونی فەرماندەی نەمر
(جەمالى عەلى باپير)دا.
کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید جەمالی عەلی باپیر:
- شەهید جەمال، ساڵی ١٩٤٥ لە سلێمانی لەدایکبووە و لەگەڵ ڕۆژگاردا کەوتۆتە ململانێی گەورەبوون و ساڵی ١٩٥٢ بە جلوبەرگی دڕاوی کوڕە پۆلیسێکی ھەژارەوە چووەتە قوتابخانە.
- ئەم کەڵەپیاوەی کورد ھەر لە منداڵییەوە گورجوگۆڵ و چوست و چالاک بووە، دەم بەپێکەنین و ئارەزووی گاڵتە و نوکتەی ھەبووە. ھەموو خولیاکانی لەبواری وەرزش و کوردایەتیدا بووە، ژیانی کولەمەرگیی چینە ھەژارەکەی و نەتەوە زۆرلێکراوەکەی ھەر لە تەمەنی لاوێتییەوە ڕایانکێشاوەتە کۆڕی خەبات.
- هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە خولیای وەرزشی ھەبووە و هەر لە ڕێگەی وەرزشەوە تێکەڵاوی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە. شەھید ساڵی ١٩٥٩ لە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە لە دەرگای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی داوە، ساڵی ١٩٦٠ چووەتە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلول دا شەیدای چوونە شاخ بووە و ساڵی ١٩٦٢ لەکاتێکدا کە هێشتا تەمەنی ١٧ ساڵی تەواونەکردبوو دەچێتە شاخ، بەڵام لەبەر کەم تەمەنی، لێپرسراوانی ئەوسای شۆڕش هانیدەدەن کە بگەڕێتەوە شار و خوێندن تەواوبکات، بەڵام شەھید جەمال وریایانە وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت: «ئێوە چەند مافتان بەسەر کوردایەتی و کوردستانەوە ھەیە منیش هێندەی ئێوە ئەو مافەم پێدەبڕێت» ئيتر بەژیریی و لێھاتوویی، بوونی خۆی بۆ لێپرسراوەکانی سەلماند و بووە پێشمەرگەیەکی گورجوگۆڵ و ئازا و بوێر.
- کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی شۆڕشەوە، شەھید جەمال ساڵی ١٩٦٤ لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی چووە دیوی ئێران وبەلێھاتوویی و ئازایەتی خۆیان توانییان ئەرکە پێسپێردراوەکانی ئەو قۆناغەی خەبات بەباشی جێبەجێبکەن.
- لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە شەھید جەمال کەوتە خۆئامادەکردن بۆ خەباتی چەکداریی و لە ١٩-٠٧-١٩٧٦ لەگەڵ کاک سالار عەزیز یەکەم دەستەی چەکداریی دۆڵی جافایەتیان دروستکرد و ئەو چەکەی لە کاتی ھەرەس دا شاردبوویەوە کردیەوە شانی و بۆوە بە پێشمەرگە گورجوگۆڵەکەی جاران و پاشتریش پێشمەرگەیەکی نوێ و بەبیروباوەڕێکی شۆڕشگێڕانە، دوای یەک رۆژ چەککردنە شان ھەڵیکوتایە سەر رەبایەی (باوی زاوێ)ی دەشتی کارێزە و بەمەش یەکەمین فیشەکی شۆڕشی نوێ لە لولەی تفەنگەکەیەوە تەقی و چەند داگیرکەرێکی بەسزای گەل گەیاند و ھەر لەوساڵەشدا بەسەختی برینداربوو.
- شەھید جەمال یەکێک بوو لەکادیرە ئازاو چوست و چالاکەکانی ھێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مامۆستای شەڕی پارتیزانی بوو لە دەیان نەبەردی گەورە و بچووکدا ھاوبەشیکردووە، لە سەرەتای بوونە پێشمەرگە لە شۆڕشی نوێ کرایە لێپرسراوی سەربازیی ناوچەی ماوەت لەگەڵ شەھید ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا پێکەوە کاریان دەکرد.
- ساڵی ١٩٧٨ وەکو کادر و پێشمەرگە و وەک جێگری فەرماندەی ھەرێم بەشداری کارەساتەکەی ھەکاری کردووە و سەرکەوتووانە گەڕانەوە بۆ بارەگای سەرکردایەتی لە قەندیل، ھەر ئەوکاتە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی لە قەندیل وەک ڕێزلێنان و ئازایەتی پلەی فەرماندەی ھەرێمی درایە و کرایە فەرماندەی ھەرێمی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەروەھا ئەندامی قکۆنفرانسی مالیمۆس بووە کە (١-٥-١٩٨١) لە مالیمۆس بەسترا.
- مەخابن لە بەرواری (٢٠-٨-١٩٨١) لەگەڵ شەھیدان: (حەسەن قارەمان، کاروان چاڵاخی، ئیسماعیل گەورە دێیی و ئەنوەری عەبدوڵڵای مەلا ساڵح) لە گوندی سێکانیان شەهید کران و گەیشتنە کاروانی نەمران.
هەزاران درود و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهید جەمالی عەلی باپیر و تێکڕای شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.




