فەتواى هەرێم: ڕەنگکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بە ماددەی کیمیایی حەرامە

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی شەرعی لەبارەی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ ڕەنگکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەرکرد و ڕایگەیاند کە ئەم کارە بەشەرع حەرامە و قەدەغەیە.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ڕوونی کردەوە، کە ڕەنگکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەچێتە خانەی غەش، فێڵکردن و خواردنی ماڵی خەڵک بە بەتاڵ، چونکە دەبێتە هۆی شاردنەوەی کواڵێتی نزمی بەرهەمەکە و فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر لە نرخەکەی خۆی.
جەختیشی کردەوە، کە ئەم ماددانە زیانی توندی تەندروستییان بۆ هاووڵاتییان هەیە و ڕەنگە ببنە هۆی تووشبوونی بەکاربەران بە نەخۆشییە کوشندەکان.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوای لە جووتیاران کرد بۆ دەستکەوتنی قازانجێکی کەم و کاتی، پەنا بۆ کاری حەرام نەبەن، هاوکات داواشی لە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگری لەم دیاردەیە بگرن و سزای یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن.



