قالیباف لە بەغداد: خوێنی ئێران و عێراق پێکەوە تێکەڵ بووە


پووختەی هەواڵەکە:
- سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانەکەی بۆ عێراق لە مۆنۆمێنتی سولەیمانی و موهەندیسەوە دەستپێکرد.
- قالیباف هۆشداریی دا لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا.
- ئامانجی سەردانەکە بۆ عێراق پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامیپێدانیانە.
- تاران جەخت لەسەر پێشکەوتنە سەربازییەکانی دەکاتەوە و داعشی بە “دەستکردی ئەمریکا” ناوبرد.
محەمەد باقر قالیباف سەردانەکەی بۆ عێراق بە پەیامێکی سیاسی و سیمبولی دەستپێکردووە و ڕایگەیاندووە، کە خوێنی ئێرانی و عێراقییەکان لە شەڕی دژی داعشدا تێکەڵ بووە و پێویستە ڕێگری لە دەستوەردانی وڵاتانی تر لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بکرێت.
محەمەد باقر قالیباف:
- ئامانجی سەرەکیی هاتنی بۆ عێراق، بۆ بەردەوامیی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتە لە بوارە جیاجیاکاندا.
- قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس وەک ڕزگارکەری ناوچەکە لە مەترسییەکانی داعش دەبینێت.
- جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێگە لە دەستوەردانی دەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بگیریت.
- ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە ڕووی سەربازییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتوو.
زانیاریی لەسەر گوتارەکەی قالیباف:
قالیباف لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە مۆنۆمێنتی سولەیمانی و موهەندیس لە بەغدا، شوێنی کوژرانی ئەو دوو فەرماندەیەی بە هێمایەکی گرنگی مێژووی هاوبەشی هەردوو وڵات وەسف کرد. هەروەها ڕەخنەی لە حکومەتی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند کە داعش بە دانپێدانانی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، دەستکردی واشنتن بووە و تەنها بە هاوکاریی تاران و بەغدا تێکشکێندراوە.


