چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، لەیلا عەلی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆک و لێپرسراوی پڕۆژەکان و نەخشەسازی و دیزاین و لێپرسراوی شەقامی 100 مەتری و کۆمەڵێک لە ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان، زنجیرەیەک سەردانی مەیدانی بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و ژێرخانی گرنگی شاری سلێمانی ئەنجامدا.
ئامانجی سەردانە، بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئاستی پێشکەوتنی کارەکان و ناسینەوەی کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و هەوڵدان بۆ خێراکردنی تەواوبوونیان، هاوکات لە ماوەی سەردانەکاندا دۆخی جێبەجێکردنی هەر یەک لە پڕۆژەکان بە وردی هەڵسەنگێندرا و لەگەڵ تیمە ئەندازیاری و سەرپەرشتیارەکان گفتوگۆ لەسەر پێداویستییەکان و چارەسەرکردنی کۆسپەکان کرا، بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی و بە کوالێتییەکی باشتر تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان.
بەشێک لەو پڕۆژانەی لەلایەن سەرۆکی شارەوانی و تیەمەکەی یاوەری بەسەرکرانەوە بریتی بوون لە:
– هەڵسەنگاندنی دۆخی دوو سایدی شەقامی شارباژێڕ لە فلکەی خوار تونێلی پێشڕەوەوە بە ئاڕاستەی شەقامی سەرەکی هەواری شار بە مەبەستی سەرلەنوێ قیرتاوکردنەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا.
– فراوانکردنی لای ڕاستی شەقامی هەواری شار، لە یەکتربڕی شەقامی شارباژێرەوە، بۆ یەکگرتنەوەی شەقامی هەواری شار و چارەسەرکردنی کێشەی یوتێرنی شەقامەکە.
– پڕۆژەی فراوانکردنی هەردوو لای شەقامی 110م هەواری شار.
– لە نزیکەوە هەڵسەنگاندنی پێگە و دیزاینی یەکتربڕی بەردەم هۆتێل تایتانیک کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە جوڵەی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود سەربەست دەکات و گەڕەکەکانی تویمەلیک و شەقامی بەردەم چاڤیلاند بەخۆیەوە دەبەستێتەوە.
– بەدواداچوون بۆ شوێنی دروستکردنی پردی پەڕینەوەی کارەبایی پیادەڕەو لە بەردەم دادگای سلێمانی.
– هەڵسەنگاندنی شێواز و قۆناغی کارکردن لە ڕۆدەکانی (2، 4، 6) کە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە ناوەندی شاری سلێمانییەوە دەبەستێتەوە بەتایبەت چارەسەرکردن و لابردنی ئەو کۆسپانەی کە لەبەردەم پڕۆژەکەدا هەیە، کە هەندێکیان پەیوەندی بە هاووڵاتییان و هەندێکیشی پەیوەندی بە هەماهەنگی زیاتری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە هەیە.
– پڕۆژەی کۆنکرێتکردن و ڕاکێشانی کربستۆن بۆ بەشێک لە کۆڵانەکانی (20) بیستەکانی چوارچرا کە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.




