مەڵبەندی دیراسات سیمینارێکی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد پێشکەشدەکات

ئەمڕۆ، چوارشەممە 12ی8ی2026، لە درێژەی زنجیرە سیمینارەكانی “ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی”ی مەڵبەندی دیراساتی گشتی (ی.ن.ك)، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د. یوسف گۆران) لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات و (د. ئومێد ڕەفیق) لێپرسراوی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و (د. مۆفەق خالید) یاریدەدەری لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات بۆ كاروباری زانستی و ئەكادیمی، میوانداریی (د. هەڵگورد سەرهەنگ) مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ژیری دەستكرد كرا، بۆ پێشكەشكردنی بابەتێك لەبارەی (ڕۆڵی ژیریی دەستكرد لە نووسینی توێژینەوە)دا.
لە بەشێكی سیمینارەكەدا، كە بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت، (د. هەڵگورد) بە وردی تیشكی خستە سەر قۆناغەكانی مێژووی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد (AI) پاشان، باسی لە گرنگی و كاریگەرییەكانی ژیریی دەستكرد لە ژیانی ڕۆژانەماندا كرد، بەجۆرێك لەم ڕۆژگارەدا تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد بە شێوەیەكی بەرفراوان ڕۆچووەتە ناو دامودەزگا و دامەزراوە هەمەجۆرەكانەوە لە هەموو بوارەكانی كارگێڕی و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و زانستی.
لە تەوەرێكی دیكەدا، بە شێوەیەكی تیۆری و پراكتیكی، چۆنیەتی مامەڵەكردن و گەڕانی دروست لەنێو ئامرازەكانی ژیریی دەستكرد و شێوازی دروستكردنی فۆڕمی ڕاپرسی ڕوون كرایەوە و دواتر دەرگا بۆ گفتوگۆ و پرسیار و سەرنجی توێژەران و ئەكادیمیستانی بەشداربوو كرایەوە، كە لەلایەن پێشكەشكاری سیمینارەكەوە وەڵامی پێویست دەدرانەوە.








