بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

عەلی كەمال بەگ؛ بەخشندەی وڵاتپەروەر

مەداری فەخری ھەموو کوردو میللەتی مەدەنی
عەلی کەمال بەگە ئیسباتی کردووە عەلەنی
حەلاوەتی قسەوگفت و لوتفی شیرینی
شکستی داوە بە ھەنگوین و کاڵەکی مەرەنی
ئەمین زەکی بەگ

ناوی عەلی كەمال زیاتر وەك كەسایەتییەكی خێرخواز لە خەیاڵدانی خەڵكی شاری سلێمانیدا بەرجەستە بووە، بەڵام ئەو بێ‌ لە كاری خێرخوازی لە زۆر بوار‌و كایەی تردا خزمەتی وڵاتەكەی كردووە.
عەلی كەمال بەگ كەسایەتییەكی گەورەی سەربازی‌و پەرلەمانی‌و رووناكبیریی كوردستان‌و عیراق بووە. ئەو بایەخی زۆریشی بەكاری خێرخوازی داوە‌و لەو بوارەدا چەند مزگەوت‌و نەخۆشخانە‌و قوتابخانەو شوێنی دیکەی لەسەر ئەركی خۆی لە شاری سلێمانی دروست كردووە‌و یارمەتی خوێندكاران‌و هەژارانی داوە.
تەنانەت وەسێتیشی کردبوو کە لە دوای مردنی یەک لەسەر سێی موڵکەکانی بۆ ھاوکاری خوێندکاران خەرج بکرێ و وەسێتەکەشی جێبەجێ کرا.
ناوی تەواوی عەلی كوڕی عەبدولڕەحمان كوڕی حاجی قادر كوڕی وەهاب كوڕی قاسم ئاغایە.
بە عەلی كەمال ناسراوەو کەمال نازناوی بووە. رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1900 لە گەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
خوێندنی سەربازیی لە سلێمانی‌و بەغدا‌و ئەستەنبوڵ تەواو كردووە‌و وەك ئەفسەر لەسوپای عوسمانی خزمەتی كردووە.
كۆتایی ساڵی 1920 كە فیرقەكەیان لەشاری ئورفەی باکووری کوردستان بووە، بەتۆمەتی پشتیوانی لە جوڵانەوەی كورد بۆ ماوەی سێ‌ مانگ دەستگیر كراوە. لە 12ی شوباتی 1922 لە توركیا هەڵهاتووە‌و لە رێی شنگالەوە گەڕاوەتەوە عیراق.
وەك بەرێوەبەری پۆلیس و قائیمقام لە شارەكانی كوردستان‌و عیراق خزمەتی كردووە.
عەلی كەمال وەك ئەندامی پەرلەمان‌و نوێنەری شاری سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خزمەتی كردووە‌و لە ماوەی ساڵانی 1935 تا 1958 پێنج خول بەئەندامی پەرلەمان‌و وەك نوێنەری سلێمانی هەڵبژێردراوە.
لە پەرلەمان ئەندامێكی چالاك بووە‌و بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە‌و بەهەوڵی ئەو بودجەی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكانی كوردستان زیاد كراوە. رۆڵی سەرەكی بینیوە كە یاسای زمانە ناوچەییەكان هەڵنەوەشێنرێتەوە.
لەبەر هەڵویستە نیشتمانییەكانی لەسالانی 1962‌و 1965 لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەوە دەستگیر كراوە.
عەلی كەمال سەرباری ئەو كارو خزمەتانەی كە ئەماژەمان پێكردن، زۆر بایەخی بەبواری رۆشنبیری داوە‌و پشتیوانی‌و كۆمەكی كارو پرۆژە كەلتورییەكانی كردووە. لە26ی كانونی یەكەمی 1942ەوە تا ساڵی 1949 هەموو خەرجییەكی دەركردنی گۆڤاری گەلاوێژی لەئەستۆ گرتووە‌و هۆكاری سەرەكی بەردەوامی ئەو گۆڤارە بووە لە رووی داراییەوە.
عەلی كەمال خۆشی نووسەر بووە‌و سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، وتاری بۆ پشتیوانی شۆڕشی كوردستان لە رۆژنامە عەرەبییەكانی لوبناندا بڵاو كردۆتەوە.
دوو كتێبی چاپكراویشی هەیە ئەوانیش یەكەمیان رەخنە‌و شیكردنەوەی كتێبی (جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد)ی ئەدمۆن غەریبە كە ساڵ‌و شوێنی چاپی دیار نییە.
دووەمیان یاداشتەكانێتی بەناوی (یاداشتەكانی عەلی کەمال عەبدولڕەحمان) كە جەمال بابان ئامادەی كردووە‌و پێشەکی بۆ نووسیوە لە ساڵی 2001 لە بەغدا چاپكراوە.
عەلی كەمال ساڵەكانی كۆتایی ژیانی لە شاری لەندەن بەسەر بردووە‌و هەر لەوێ‌ لە شەوی 31ی تەمووزی 1998 كۆچی دوایی كردووە‌و لەسەر راسپاردەی خۆی تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی‌و لە مزگەوتەكەی خۆی، مزگەوتی عەلی کەمال بەخاك سپێردراوە.
درودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی عەلی كەمال بەگ ئەو پیاوە گەورەیەی لە هەر شوێنی بوو بێ‌ خەمی میللەتەكەی لەبیر بووە‌و بەشێوازی جیا جیا خزمەتی گەل‌و وڵات‌و شارەكەی كردووە.
سەرچاوە:
گۆڤاری گەلاوێژ- بەرگی 11 ژیاننامە‌و پێرست-201

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close