ترەمپ: هێرشەکانی دوێنێ شەو بەهەماهەنگی عێراق بووە

ترەمپ: هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا ئەنجامدراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی (فۆکس نیوز)، بەرپرسیارێتیی زنجیرەیەک هێرشی نوێی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق، بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجام دراون.
ترەمپ توندبوونی هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئاڕاستەکانی ئێران لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: “میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق شێرپەنجەن بۆ جیهان.” هەروەها جەختی کردەوە کە بە جددی بیر لە ئاڕاستەکردنی هۆشداریی توندتر دەکاتەوە دژی تەواوی بریکارەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ئەم دواییە، ترەمپ ئاشکرای کرد، کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمشەو زۆر بەهێز دەبن و ئامانجیان تێکشکاندنی تواناکانی ئێرانە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی کە ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمریکا کرا لە ئوردن. ناوپێنراو گوتی: “وانەیەکی زۆر توند بە ئێران دەدەین لە بەرامبەر بەئامانجگرتنی هێزەکانمان.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران کرد و بە “کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو” وەسفی کرد، ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا تەنها چەند خولەکێکی کەمیان لەبەردەستدا بووە بۆ بەرهەڵستیکردن و تێکشکاندنی ئەو مووشەکانە.



