عیراق لە نەوتەوە هەنگاو بەرەو هەمەچەشنکردنی داهات دەنێت
عیراق دەیەوێت ئەو دۆخە تێپەڕێنێت کە داهاتی وڵات تەنها لە رێگەی نەوتەوە دەستبکەوێت، بەڵکو کابینەکەی عەلی زەیدی لە هەوڵی ئەوەدایە سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکات، بەوەش بایەخ بە دەروازەکان دەدات و تەواوی ئەو پارانەیشی هی عیراقە و براونەتە دەرەوە دەگێڕێتەوە بۆ دەوڵەت، وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش بانگهێشت دەکات بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراو جۆرەکانی وڵاتدا.
پلانێکی گشتگیر بۆ هەمەچەشنکردنی داهات
ئاژانسی هەواڵی عیراقی بڵاویکردەوە، راوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیران ئاشکرایکردووە، بەغدا کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانێکی گشتگیر دەکات بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەجۆرێک تەنها پشت بە نەوت و موشتەقاتەکانی نەبەستێت، یان پشتبەستن بە نەوت کەمبکرێتەوە و داهاتە نانەوتییەکان بۆ ئاستی 46 % لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا زیاد بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵەکە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەم سیاسەتە نوێیە کە تەنها پشت بە نەوت نابەستێت، ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووریی و گەشەپێدانی بەردەوامە لە رێگەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوە داراییەکان و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە ئابووریی نیشتمانییدا.
لە بارەی هەمەچەشنکردنی داهاتی عیراقەوە، کەناڵی (سۆمەریە)، لە زاری لێپرسراوانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردۆتەوە، هەمەچەشنکردنی داهات لە عیراقدا، پێویستی بە ژینگەیەکی لەبار و تەندروست هەیە. بەپێی لێدوانی لێپرسراوانی حکومەتی عیراق، لەئێستادا داهاتە نانەوتییەکان تەنها نزیکەی 10 %، یان کەمتر لە کۆی داهاتە گشتییەکانی عیراق پێکدەهێنن، بەڵام حکومەت لە رێگەی بەرنامەیەکەوە دەیەوێت ئەم رێژەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا بەشێوەیەکی زۆر، زیادبکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، پلانەکەی حکومەت ئامانجی ئەوەیە کە پشکی کەرتی تایبەت لە بەرهەمی ناوخۆیی لە 37 % بۆ 54 % بەرزبکاتەوە، ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەموو ئەو فشار و قورساییە ئابوورییەی لەسەر حکومەت کەڵەکە بووە و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاویشە بۆ وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.
گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵی
میدیای رەسمیی حکومەتی عیراق ئاشكرای كرد، یەکێک لەو رێگەیانەی حکومەت دەیەوێت داهاتی نانەوتی پێ زیاد بکات، گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارانەیە کە بەشێوەیەکی نایاسایی و گەندەڵی براون و لای لێپرسراوانە، یان لە بانک و شوێنە تایبەتەکاندا هەڵگیراون.
بەپێی ئەو زانیارییەی میدیا عیراقییەکە بڵاویکردۆتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ستراتیژێکی نوێ دەگرێتەبەر کە تەنیا سزادانی کەسەکان و گەڕاندنەوەی پارەکانیان نییە دوای دەرکەوتنی گەندەڵییەکەیان، بەڵکو کار لەسەر ئەوە دەکات یاسایەک دەربکات پێشوەختە رێگە لە گەندەڵی بگرێت، بەمەش داهاتی وڵات تەخشان و پەخشان ناکرێت و روون و رەوان دەزانرێت داهاتی نەوتی و نانەوتیی وڵات بەرەو کوێ دەڕوات و بۆچی سەرف دەکرێت.
لەو بارەیەوە، باسم خوزەیر غەرابی ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: ئەم یاسایە ئامانجی کۆکردنەوە و روونبوونەوەی داهاتە لە داهاتوودا، هەروەها دروستکردنی سیستمێکی چاودێریی سەربەخۆیە بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییە کارگێڕییەکان، پێش ئەوەی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی وڵاتدا رووبدات، هەروەک هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی و دەسەڵاتی دادوەریدا دروست دەکات.
حکومەتی عیراق بەڕەسمیی بڵاویکردۆتەوە، هەموو ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسێی گەندەڵی و بەتایبەت دۆسێی عەدنان جومەیلی گەڕێنراوەتەوە بۆ دەوڵەت، زیاترە لە 150 ملیار دینار و 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەروەها بڕی زیاتر لە 380 کیلۆگرام زێڕیشە.
زیادکردنی سەرچاوەکانی وەبەرهێنان
رادیۆی (الشرق) باس لەوە دەکات، پێویستە عیراق واز لەوە بهێنێت کە بۆ کۆکردنەوەی داهات، تەنها پشت بە نەوت ببەستێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەتی عیراق بیر لە وەبەرهێنانی زیاتر لە تەواوی کەرتەکاندا بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کار بکرێت بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی لە باری وەبەرهێنان، چونکە متمانەی هاووڵاتی و وەبەرهێنەر بە دامەزراوە رەسمییەکان زیاد دەکات و رێگری لە بەهەدەردانی سامانی وڵات دەکرێت.
دەروازەکانی سوریا
یەکێکیتر لەو رێگەیانەی حکومەتی عیراق بیری لێدەکاتەوە و ئامانجێتی بیکات بە سەرچاوەیەکی داهات، پرسی نوێکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانێتی لەگەڵ سوریا و کردنەوەی تەواوی ئەو دەروازانەیە کە عیراق و سوریا پێکەوە دەبەستنەوە.
پێشتر حکومەتی سوریا، تورکیا و عیراق دەروازەی رەبیعەیان لەسەر سنووری ئەو سێ وڵاتە کردەوە و میدیا و ناوەندە بازرگانییەکانی هەرسێ وڵات ئەو هەنگاوەیان بە هەنگاوێکی گەورەی بازرگانی وەسفکرد و رایانگەیاند: کردنەوەی دەروازەی رەبیعە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئابوورییەکی هاوبەش و بازرگانیی نێودەوڵەتی.
سەرچاوەکانی نەوت
ئاژانسی هەواڵی عیراقی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا، بڕیاردراوە بە هەمەچەشنکردنی رێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی خاو و رەزامەندیشی دەربڕیوە لەسەر دەسەڵاتدان بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ ئیمزاکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی وزەی سوریا سەبارەت بە دامەزراندنی پرۆژەیەکی بۆری کە نەوتی عیراق بە بازاڕەکانی هەناردەکردنی جیهانی لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە.
راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزیری نەوت داوە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی (CONOCPHILLIPS, TI CAPITAL, NOVATER) ئیمزابکات سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی توانای گەڕان و پەرەپێدان لە کێڵگەی عوکاز لە رۆژئاوای عیراق و ناوچەکانی دەوروبەری




