وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزینەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی نەوت و کانزاکانی وەزارەتی کرد بۆ دابینکردنی بەنزین و پێداچوونەوە بەنرخەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی بەنزین و چەند بڕیارێکی دەرکرد.
دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان:
یەکەم: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێک دەدات بەمەبەستی زیادکردنی پشکی حکومەتی هەرێم لە نەوتی خاو لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، کە لە ئێستادا تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل کە دەکاتە (39.46%)ی پشکی هەرێم لە ڕێژەی شایستەی راستەقینەی هەرێم کە دەبێتە (12.67%) و یەکسانە بە رۆژانە 126 هەزار و 700 بەرمیل.
دووەم: زیادکردنی بڕی بەنزینی جۆری نۆرماڵی پاڵپشتیکراوی حکومی 750دیناری بۆ هەر لیترێک بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
سێیەم: چاودێریکردنی بەنزینی بازرگانی ڕۆژانە بۆ جۆرەکانی (نۆرماڵ، موحەسەن، سوپەر) لە ڕووی کوالێتی و گونجانی لەگەڵ واقعی ڕۆژانەی بازاڕی ئێستای هەرێمی کوردستان.
چوارەم: زیادکردنی کاری لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ پاراستنی کوالێتی جۆرەکانی بەنزین.
پێنجەم: پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاوردەکردنی بەنزین و مەوادی کیمیاوی بە مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارتی سامانە سروشتییەکان.




