بۆچی نەمانتوانیوە سیستمێکی دروستی پەروەردەیی بنیاد بنێین کە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەی هەبێت؟

سیستمی گوێزەرەوە سەرکەوتنی خۆی بە رادەی توانای خوێندکار بە لەبەرکردنی ئەوەی پێیوتراوە دەپێوێت
چەندین دەیەیە، قسەکردن لەسەر «چاکسازیی پەروەردە» لە پێشەنگی کارنامەی حکومەتەکان، دامەزراوەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندایە، لە زۆربەی وڵاتانی دواکەوتوودا کۆنگرە دەبەسترێن، ستراتیژ دادەڕێژرێت، مۆدێلە پەروەردەییەکان لە خۆرئاواوە هاوردە دەکرێن، بودجەی زەبەلاح بۆ باڵەخانە، پرۆگرامەکانی خوێندن و پێداویستییەکان خەرج دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک قورسترین پرسیار دەکەین: ئایا سیستمە پەروەردەییەکانمان مەعریفەیەکی نوێیان بەرهەمهێناوە، یان تەنیا بە گواستنەوەی ئەو مەعریفەیەی کە پێشتر هەبووە رازیبوون؟ زەحمەتە بە بەڵێ وەڵام بدەینەوە، چونکە ئەو مەعریفەیەی بە کاریدەهێنین لە بنەڕەتدا هاوردەکراوە، داهێنانی زانستی و تەکنۆلۆژیا هێشتا لە پەراوێزدایە، بەرهەمی توێژینەوەی رەسەنیش بەراورد بە قەبارەی دانیشتووان و سەرچاوە تەرخانکراوەکان زۆر کەمە.
پەروەردە وەک گواستنەوە نەک بەرهەمهێنان
جیاوازیی بنەڕەتی نێوان (پەروەردەی گوێزەرەوەی مەعریفە و پەروەردەی بەرهەمهێنەری مەعریفە) لە ئامانجەکەدایە، سیستمی گوێزەرەوە سەرکەوتنی خۆی بە رادەی توانای خوێندکار بە لەبەرکردنی ئەوەی پێیوتراوە و دووبارە نواندنەوەی لە تاقیکردنەوەدا دەپێوێت، بەڵام سیستمی بەرهەمهێنەر سەرکەوتنی خۆی بە توانای خوێندکار لە خستنەڕووی پرسیارێک کە پێشتر نەخرابێتەڕوو، یان بینینی کێشەیەک لە گۆشەیەکی نوێوە، یاخود گومانکردن لە وەڵامێک کە کۆتایی دیار بووە، دەپێوێت.
زۆربەی سیستمە پەروەردەیییەکانمان لەسەر مۆدێلی یەکەم بنیاد نراون، هەموو راستییەکان لای مامۆستایە، خوێندکار وەریدەگرێت و تاقیکردنەوە بۆ ئەوەیە بە باشی ئەوەی وەریگرتووە بیگوێزێتەوە، ئەم مۆدێلە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و بە دەستهێنانی لانیکەمی زانیاری بەسوودە، بەڵام لە کرۆکیدا توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێی نییە، چونکە داهێنان و بەرهەمهێنان، پێویستی بە فەزایەکە بۆ گومان، هەڵە و هەوڵدان، ئەم فەزایەش لەگەڵ سیستمی دامەزراو لەسەر (یەک وەڵامی راست) یەک ناگرێتەوە.
کەلتوری ترس لە هەڵەکردن
مەعریفەی نوێ تەنیا لە هەناوی تاقیکردنەوە و هەڵەوە لە دایک دەبێت، بەڵام سیستمە پەروەردەیییەکانمان، بەڵکو کۆمەڵگە بە گشتی وەک عەیبەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەدا دەکەن کە شایستەی سزایە، نەک وەک هەنگاوێکی سروشتی رەوتی تێگەیشتن، ئەو خوێندکارەی لە پۆلدا هەڵە دەکات شەرمەزار دەکرێت، ئەو توێژەرەی گریمانەکەی سەرکەوتوو نابێت، بە شکستخواردوو تەماشا دەکرێت، ئەم ژینگە دەروونییە نەوەکان لەسەر قایلبووم بەوەی هەیە لەبری سەرکێشی، لەبەرکردن لەبری گەڕان و دۆزینەوە رادەهێنێت. کاتێک باجی پرسیارێکی هەڵە لە باجی بێدەنگی زیاتربێت، زیرەکەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، پریشکی خولیای فێربوون دەکوژێتەوە کە بنچینەی سەرەکیی هەر بەرهەمهێنانێکی مەعریفییە.
نەبوونی سەربەخۆیی دامەزراوەیی بۆ زانکۆکان
لە رووی مێژووییەوە بەرهەمهێنانی مەعریفە بە هەبوونی دامەزراوە گەلێکەوە گرێدراوە، کە توانای بیرکردنەوەی ئازادیان هەبێت بەبێ ئەوەی لە رووی سیاسی، ئایینی یان کارگێڕییەوە سەرپەرشتی بکرێت، زانکۆ گەورەکان بە تێپەڕبوونی کات وەرچەرخانی مەعریفییان بەدیهێناوە، لە «بەیتی حیکمە» لە بەغدادەوە تا زانکۆکانی ئەوروپای سەردەمی رێنیسانس، بە پەراوێزێک لە سەربەخۆیی جیادەکرانەوە بەوەی دەرفەتی بە زانایان دەدا پرسیارگەلێک بخەنەڕوو کە لەگەڵ رەوشی باودا دژبن.
لە زۆربەی سیستمە هاوچەرخەکانماندا، زانکۆکان لەژێر چاودێریی کارگێڕی تونددان و توێژینەوەکان بە پێوەرەکانی چەندایەتی نەک چۆنایەتی، یان بڵاوکردنەوەی رووکەشی نەک کاریگەریی راستەقینە هەڵدەسەنگێنرێن، مامۆستای زانکۆ وەک فەرمانبەرێکی پابەند بە مەنهەجێکی دیاریکراو تەماشا دەکرێت نەک وەک توێژەرێکی ئازاد، ئەم ژینگەیەی زانکۆ لە فەزایەکی بەرهەمهێنانی مەعریفەوە بۆ درێژکراوەیەکی دیکەی قوتابخانە دەگۆڕێت، بە پرۆگرامی وشک و تاقیکردنەوەی کۆتایی کە لۆژیکی «یەک وەڵام» دووبارە دەکەنەوە.
لاوازیی وەبەرهێنانی راستەقینە لە توێژینەوەی زانستیدا
ئەستەمە بەبێ ژێرخانی توێژینەوە، تاقیگەکان، تەرخانکردنی بودجە، دەرفەتی بڵاوکردنەوە و پەیوەندیی زانستی باسی بەرهەمهێنانی مەعریفە بکرێت، هەروەها رێڕەوی پیشەیی کە هانی لێهاتووەکانی بواری توێژینەوەدا بدات بۆمانەوە لەبری کۆچکردن یان گۆڕینی کارەکانیان بۆ وەزیفەی سەقامگیرتر لە رووی مادییەوە، خەرجیی توێژینەوە و پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان، وەک عیراق و زۆربەی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رێژەیەکی کەمی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕ ناکات، بەراورد بەو دەوڵەتانەی کە چەندینجار زیاتر لەوە وەبەرهێنان دەکەن، دەرئەنجامەکەش لۆژیکییە: کاتێک بودجەی پێویست نەبێت و هاندەری روون نەبێت و سەقامگیری پیشەیی بۆ توێژەران نەبێت، ئەوا عەقڵە باشەکان یان کۆچ دەکەن بۆ سیستمێکی پاڵپشتیکەرتر، یان وزە و توانایان لەبری توێژینەوە، لە وانەوتنەوە و کاروباری کارگێڕی سەرف دەبێت، ئەمەش بە «کۆچی عەقڵ» دەناسرێت کە تاکە هۆکاری لاوازیی بەرهەمی مەعریفی نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی دووبارەبووەوەی هۆکارێکی قووڵترە کە پەیوەندییان بە خودی ژینگەی کارکردنی زانستییەوە هەیە.
دابڕانی خوێندن لە ژیان و کێشە واقیعییەکان
مەعریفەی بەرهەمهێنراو زۆرجار لە دەرئەنجامی کەوتنەوەی کێشەیەکی راستەقینەوە لەدایک دەبێت، نەک بە لەبەرکردنی دەقێکی ناو کتێبێک، پرۆگرامەکانی خوێندنمان زۆرجار لە سیاقی ژیانی رۆژانە و کێشە ناوخۆییەکان دابڕاون، خوێندکار فێری هاوکێشە و تیۆرییەکان دەکرێت، بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان داوای لێبکرێت کە لەسەر کێشەیەکی ژینگەکەی خۆی جێبەجێی بکات: چۆن ئاودێری لە گوندەکەیدا باشتر بکات، چۆن بەرهەمێکی ناوخۆیی پەرە پێبدات، چۆن کێشەی گواستنەوە لە شارەکەیدا چارەسەر بکات. کاتێک فێربوون بە تیۆری بە تەنیا دەمێنێتەوە و لە واقیعەوە سەرچاوەی نەگرتووە، خوێندکار بەدەرە لەو پاڵنەرەی کە ئەوەی فێری بووە بیکاتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن یان داهێنان، بەڵکو رازی دەبێت بەوەی فێربوون تەنیا بۆ ئەوەیە نمرەی بەرز لە تاقیکردنەوەکانیدا بەدەست بهێنێت نەک بۆ تێگەیشتنی جیهان و گۆڕینی.
زمان و وەرگێڕان وەک بەربەستێکی بنیادی
بەشی هەرە گەورەی مەعریفەی زانستی هاوچەرخ بە زمانەکانی دیکە بەرهەم دەهێنرێت و بڵاو دەکرێنەوە و کەلێنی وەرگێڕان بۆ بە کوردی کردن هێشتا گەورەیە، جا چ لە رووی چەندایەتی یان خێراییەوە بێت، ئەمەش خوێندکار و توێژەری ناوخۆیی دەخاتە پێگەی «وەرگری دواکەوتوو» بۆ مەعریفە نەک «بەشداربووی راستەقینە» لە بەرهەمهێنانیدا، چونکە بەشێکی گەورەی هەوڵەکانی لە گەیشتن بەوەی بەرهەمهێنراوە خەرج دەکات لەبری بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانیدا، زیاد لەمەش، لاوازیی لە زانینی زمانەکانی توێژینەوەی جیهانی لای چینێکی فراوانی خوێندکاران، تواناکانیان لە بەدواداچوونی نوێترین توێژینەوەکان و بەشداریکردن لە کۆمەڵگە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا سنووردار دەکات کە ئەمەش دابڕانی مەعریفی قووڵتر دەکاتەوە.
پێوانەکردنی سەرکەوتن بە پێوەرە هەڵەکان
سیستمی خوێندنمان سەرکەوتن بە نمرە و رێژەی دەرچوون لە تاقیکردنەوە گشتییەکان دەپێون کە ئەمانە پێوەرگەلێکن تەنیا بۆ پێوانەکردنی رادەی پابەندبوون بە مەنهەجەکەوە بەکاردێن، بەڵام هەرگیز توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە یان چارەسەرکردنی کێشە نائاساییەکان یاخود هێنانەکایەی بیرۆکەی نوێ ناپێون. کاتێک ئامانجی کۆتایی خوێندن دەبێتە «نمرەی بەرز»، فێربوون دەبێتە گەمەیەکی ستراتیژی بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئەنجام بە کەمترین ماندووبوونی فیکری گونجاو، نەک گەشتێک بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوە. ئەمەش نەوەیەک دروست دەکات کە لە تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکاندا لێهاتووە، بەڵام لەسەر خستنەڕووی ئەو پرسیارانەی وەڵامەکەیان بە ئامادەکراوی لە کتێبەکانی خوێندندا نییە رانەهێنراوە.
ئامادەکردنی خودی مامۆستا
ناکرێت مامۆستایەک کە لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و لێکۆڵینەوە رانەهێنرابێت، بتوانێت لە ناخی خوێندکارانیدا بچێنێت، خودی مامۆستایان بە شێوازی لەبەرکردن و تەڵقین راهێنراون، داوایان لێکراوە بە شێوەی پیت بە پیت پابەندی مەنهەجێکی دیاریکراو بن بەبێ ئەوەی هیچ پەراوێزێکیان بۆ داهێنان یان تاقیکردنەوە پێدرابێت، کاتێک خودی مامۆستا بەرهەمی سیستمێکی گوێزەرەوەی مەعریفە بێت نەک بەرهەمهێنەری، ئەوا قورسە چاوەڕوانی ئەوەی لێبکەین کە بۆ خوێندکارانی ئەم بازنەیە بشکێنێت، مەگەر لە حاڵەتی ناوازەدا کە پشت بە دەستپێشخەری تاکەکەسی ببەستێت وەک لەوەی پشت بە پاڵپشتی دامەزراوەیی ببەستێت.
ئایا رێگەیەک بۆ دەرچوون هەیە؟
دانپێدانان بەم هۆکارانە داوەتنامەیەک نییە بۆ بێئومێدی، بەڵکو یەکەم هەنگاوی پێویستە بەرەو هەر چاکسازییەکی راستەقینە، ئەزموونی دەوڵەتانی وەک کۆریای باشوور، فینلاند و سەنگاپوورە دەریدەخەن کە گوزەرکردن لە (گوێزەرەوەی مەعریفە بۆ بەرهەمهێنانی گونجاو) رێپێدراوە، بەڵام پێویستی بە وەبەرهێنانی درێژخایەنە، لە سەربەخۆیی دامەزراوە پەروەردەیییەکاندا، گۆڕینی کەلتوری مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەدا، گرێدانی خوێندن بە کێشە واقیعییەکانەوە، پێناسەکردنەوەی پێوەرەکانی سەرکەوتن ب ئەوەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بگرێتەوە نەک تەنیا لەبەرکردن، دابینکردنی ژینگەیەکی توێژینەوەی سەرنجڕاکێش لەبری کۆچ پێکردنیان کارامەیییەکان بپارێزێت.
ئەم وەرچەرخانە بە یەک بڕیاری کارگێڕی، یان پرۆگرامێکی نوێ کە لە سەرەوە بسەپێنرێت روو نادات، بەڵکو رێڕەوێکی کەلتوری و دامەزراوەیی درێژخایەنە کە لە چاوخشاندنەوە بە پرسیارە هەرە گرنگەکەدا دەست پێدەکات، ئایا بە راستی دەمانەوێت منداڵەکانمان خۆیان بیر بکەنەوە و پرسیار بکەن، تەنانەت ئەگەر نەمان توانی وەڵامیان بدەینەوە یان وەڵامی حازر بە دەستمان پێنەبوو؟




