بەبڕی 110 ملیار دینار، گەورەترین پرۆژەی ستراتیژیی ئاو لە خانەقین جێبەجێدەكرێت.

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان، گەورەترین پرۆژەی ستراتیژیی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە خانەقین دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. پرۆژەكە لەسەر بودجەی قەرزی ئەڵمانی و بەبڕی 110 ملیار دینار جێبەجێدەكرێت.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای بەدواداچوونی ورد و مەیدانیمان بۆ كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە خانەقین، داواكارییەكی رەسمیمان ئاراستەی حكومەتی فیدراڵ كرد بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژیی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە شارەکە، خۆشبەختانە داواكارییەكە پەسەندكرا، وتیشی: ئەم پرۆژەیە سێكتەرێكی ستراتیژی و گرنگ دەگرێتەوە و بە تەواوبوونی، كێشەی ئاوی خواردنەوە لە خانەقین بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بە شێوەیەكی بنەڕەتیی چارەسەر دەبێت، بڕیاریشە لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.




