کۆمکاری عەرەبی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات

ئەمیندارێتیی گشتیی کۆمکاری عەرەبی بە توندی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی (بەحرەین، ئوردن، قەتەر و کوەیت) سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی لەقەڵەم دا.
ئەمیندارێتیی کۆمکارەکە رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و مەدەنی، هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکان و پەلکێشکردنی تەواوی ناوچەکە بەرەو پشێوی و ناسەقامگیری.
کۆمکارەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پەلامارانە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی هەڵە بونیادنراون و پێچەوانەی بنەماکانی هاوسێیەتیی باشن، جەختیشی کردەوە کە ناکرێت لە ئاست ئەم رەفتارە دوژمنکارییانەدا بێدەنگی هەڵبژێردرێت.
کۆمکاری عەرەبی داوای لە ئێران کرد کە دەستبەجێ سەرجەم هێرشەکانی رابگرێت، واز لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دەریاوانی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.




