قوباد تاڵەبانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی گەرمیان: چاوکراوەتر لەجاران سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزن

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(15/7/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردوە و داوای لێکردن چاوکراوەتر لە جاران سەروماڵ و گیانی هاووڵاتییان بپارێزن.
جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە گرنگی گەرمیان بە تایبەتیش هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە بەپێویستی زانی دەزگا ئەمنییەکان ئاستی هەماهەنگی نێوانیان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە و بە هاوکاری یەکتر رێگری بکەن لە هەر چەشنە کردەوەیەکی تێکدەرانە و تیرۆریستی لە سنوورەکەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا پاش گوێگرتن لە بۆچوون و لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕییەکان، بەڵێنی پێدان بۆ باشتر راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوانی هەموو هێزەکان بێت.








