ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

هەموومان خوێنمان بۆ بەخشی، نابێت لە بێهەڵوێستیدا لەدەستی بدەین

کوردستان هی هەمووانە؛ نیشتمانێکە بە خوێنی دەیان نەوە ئاو دراوە، ئەم نیشتمانە نەک تەنها لە زاخۆوە تا خانەقین، بەڵکو بە نەخشە گەورەکەیەوە، لە هەر چوار لاوە پێویستی بە بڕیاری دروست و هەڵوێستی بەرپرسانە هەیە.

بەداخەوە لە باشووری کوردستان و لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تووشی داڕمان و بۆگەنبوون بوو، بۆیە ئەم قۆناغە پێویستی بە هەوڵ و هەڵوێستی هەمووان هەیە.

وەک هەمیشە گوتوومە، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی دیاردەیەکی گرنگ و کاریگەرە و یەکێکە لە ئومێدەکانی ئەم قۆناغە بۆ باشووری کوردستان و هاوسەنگی سیاسی، خاوەنی سیاسەت و تێڕوانینێکە کە دەتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە بداتەوە و کوردستان لە کۆمەڵێک پێشهاتی مەترسیدارتر بپارێزێت.

بۆیە گرنگە نەک تەنها ئەندام و کادرانی یەکێتی، بەڵکو ڕۆشنبیران، ئەکادیمییەکان، سیاسییەکان، هونەرمەندان، ژنان و گەنجانیش پشتیوانی لەم هەڵوێستە بکەن؛ لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتاییهێنان بە کێشە و وێرانکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو.

لە هەر پڕۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتیشدا، هاوسەنگیی هێز گرنگ و پێویستە و یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی باش، بێهەڵوێستیی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، مەترسییەکان گەورەتر دەکات، بۆیە پێویستە هەمووان بە بەرنامەیەکی ڕوون و مەرجە نیشتمانییەکانەوە لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ببنە بەشێک لەم هەڵوێستانە.

سەردەمی شەڕی چەکداری و ڕشتنی خوێن دەبێت بەسەرچووبێت، بەڵام سەردەمێکی سەخت و چارەنووسسازی سیاسەتکردن لەبەردەمماندایە، دەبێت بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و جیهانیەکان بکەین؛ لە ئەمریکاوە تا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. ئەمانە هەموویان پێویستیان بە خوێندنەوەی ورد و هەڵوێستی جددی هەیە.

بۆ پشتگیری کردن لە هەڵوێستی بەرپرسانە و نیشتمانیانە، پلە و پۆست مەرج نین؛ ئەوەی گرنگە عەقڵ‌و لۆژیک بە دڵسۆزییەوە بڕیار بدەن‌و بە پێوەری بەرژەوەندیی نیشتمان، هەڵوێستەکان هەڵبسەنگێنن، نەک بە پێوەری بەرژەوەندیی تاکەکەسی و تەنانەت حزبیش.

هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە ئێستادا هەنگاوی گرنگن بەرەو ڕزگارکردنی کوردستان لە پشێویی حوکمڕانی و پرۆسەی داگیرکاری کۆمپانیا‌ چاوچنۆکەکان؛ بە مەرجێک هەموو دڵسۆزان لە دەوری ئەم هەڵوێستە کۆببنەوە، لەم چوارچێوەیەدا کشانەوە لە حکومەت بژاردەیەکی دروست و بەرپرسانەیە بۆ وەڵامدانەوەی پێویتسەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە کە زیاتر لە هەر کات پێویستمان بە هەڵوێستی بوێرانە، بڕیاری ژیرانە و کارکردن بۆ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک هەیە. هیوادارم ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و وڵاتەکەمان براوەی یەکەم بێت.

کوردستان پێویستی بە بەشداری ڕاستەقینە و هەڵوێستی هەمووان هەیە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close