ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

بەڵێ یەکێتی زیانی بە قەوارەی هەرێم گەیاندووە

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ئەم هەرێمۆکەی ئێستا هەمان هەرێمە نیمچە دەوڵەتەکەی پێش بیست و پازدە ساڵێک پێش ئێستا نییە، تەنانەت هیچی لە هەرێمەکەی پێش ریفراندۆمەکەی ئەیلولی رەشی ساڵێ 2017 ناچێت و دەڵێی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری سەرنەکەوتووی لەسەر دەستی دکتۆرێکی نەزان و بێویژدان و پارەپەرستی بۆ کراوە!

چۆن وای لیهات و بۆ وای لێهات و کێ وای لێکرد؟ ئەمە ئەو پرسیارانەیە کە کاتی هاتووە دوور لە دەمارگیری و تەرەفگیری وەڵامی دروستیان بدرێتەوە و راشکاوانە پەنجە بخرێنە سەر زامەکانی جەستەی پڕ لە برینی هەرێم.

هەموومان ئەو راستییە دەزانین کە تا ئەو کاتەی پرەنسیپی شەراکەت و سازان و هاوسەنگی و کۆدەنگی لەسەر بڕیاردان و بەڕێوەبردن ، میکانزمی حکومداری بوو، خۆشگوزەرانی خەڵکی هەرێم و پتەوی قەوارەی هەرێم و پێگە سیاسییەکەی لە چ ئاستێکی بەرزدا بوو، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2009 کە خەنجەری غەدر باڵانسی سیاسی هەرێمی شێواند و نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلالیشی بەسەردا هات، ئیتر لایەنێک کە تەنانەت خاوەنی ئیرادەی سیاسی خۆیشی نییەو لەو دیو سنوورەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت، وایزانی چیتر گۆڕەپانەکەی بۆ چۆڵ بووە و غروری سیاسی دەیگرێت و هەرێم بەرەو هەڵدێردا دەبات، هەرێم لە باخچەی ئاشتی و ئارامی دیموکراسییەوە دەکاتە دایانگەی شۆڤینی و توندڕە و کۆنە بەعسییەکان، بەوەش عێراق دەکاتە دوژمن. بە پێڕەوکردنی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و گەمەی سەقەتی نەوت، هەرێم بەرەو داڕوخانی ئابووری و خەڵکەکەی بەرەو هەژاری دەبات. بە خزانی بۆ ناو گەمەی تەرەفگیری هەرێمایەتی مەزهەبی، ئاسایشی هەرێم بەرەو ئایندەیەکی مەترسیدار دەبات، بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی کوشتن و دەمکوتکردنی رای ئازاد، ناوبانگی دیموکراسی هەرێم ئەتک دەکات. بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی تاکڕەوانە ناوماڵی کورد لەت لەت دەکات.

هەموو ئەمانە و چەندین ناشرینی دیکەی کرد، تاکە هێزێک کە دەیتوانی رێی پێ بگرێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام بە پاساوی تێکنەدانی دۆخی هەرێم و یەکریزی و سازانی نیشتمانی، لە رابردوودا یەکێتی هەنگاوێکی وای نەنا کە ستۆپ بەو هێزە بکات کە هەموو کەتن و پەتنەکان لەو دیوی سنوورەوە پیلانی بۆ دادەڕێژرا و ئەمیش بە ئەمانەتەوە جێ بەجێی دەکرد تاکوو هەرێمی بەم دەردە گەیاند و شەرعیەت و یاسا و سازانی بە تەواوەتی پووچەڵ کردەوە.

هەرچەندە نەدەبوو یەکێتی لە ژێر هیچ بارێکدا بەو جۆرە پەتەکەی بۆ شل بکات، بەڵام خەمی نیشتمان و پاراستنی ئەو هەرێمەی کە بە تێکۆشانی یەکێتی و خوێنی شەهیدەکانی هاتووەتە بوون، سەبری ئەیوبی پێبەخشی بوو! هەر بە ئومێدی ئەوەوە بوو رۆژێک پارتی بێتەوە هۆشی خۆی و قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت! بەڵام گاڵتەجاڕییەکەی پەرلەمان هەموو ئومێدێکی لەباربرد کە ئەم حزبە بە ئاگادێتەوە!

بۆیە دەبێت نەک یەکێتییەکان، بەڵکوو هەموو کوردێک کە خۆی بە خەمخۆری قەوارەی هەرێم دادەنات، پشتگیری لە پەیامەکەی سەرۆک بافڵ بکات کە دوا دەرفەتە و تاکە چارەسەرە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە دەست قومارکاری کەمینەیەک کە جگە لە زەبر و پارە هیچیتر شک نابەن بۆ کڕینی ویژدانە بێ ویژدانەکان.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close