پێنج شاخەوان لە بناری چیای هەڵگورد بێسەروشوێن بوون دواتر دۆزرانەوە

ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕایگەیاند، ئاگادارکرانەوە کە گرووپێکی شاخەوانی پێکهاتبوون لە حەوت کەس لە پارێزگای دهۆکەوە بە مەبەستی گەشتکردن و شاخەوانی ڕوویان لە چیای هەڵگورد کردبوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج لە شاخەوانەکان چوونەتە دەرەوەی خێمەکەیان و دوانیان لە ناو خێمەکەدا ماونەتەوە، بەڵام بە هۆی نالەباری بارودۆخی کەشوهەوا، پێنج شاخەوانەکە ڕێگەیان ونکرد و و بێسەروشوێنبوون.
تیمى شاخەوانییەکە
- هەردوو تیمى بەرگریی شارستانیی سۆران و چۆمان بە هاوبەشى بەشداربوون.
- پێنج تیم سەرقاڵی گەڕانبوون بە دوای پێنج شاخەوانە ونبووەکەدا.
- گروپەکە لە حەوت شاخەوان پێکهاتوون.
- بۆ گەشت و شاخەوانی سەردانی چیاکەیان کردبوو.
- دوو کەسیان لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و پێنجەکەی دیکە بەرەو سەرەوە بەڕێکەوتبوون.
- بەڵام بە هۆی تەم و بەفرەوە دابڕاون و پەیوەندییان پچڕابوو.
لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری چۆمان ڕایگەیاند” ئەو پێنج شاخەوانەی لە چیایی هەڵگورد ڕێگەیان وون کردبوو بە سەلامەتی گەڕانەوە لای کەمپەکەی خۆیان.
بناری چیای هەڵگورد ناوچەیەکی کوێستانی و دڵگیرە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەى چۆمان و شارەدێی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، و بە دووریی 175 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە.



