کارتە سوتاوەکانی پارتی و واقعی هێزی یەکێتی…

ئایا پارتی توانای تێگەشتنی لە یەکێتی و سەرکردەکانی هەیە؟
چەند تێبینییەکی سەرەتایی دەربارەی کاراکردنەوەی ( پەرلەمانی کوردستان) و گۆڕانکاریە گەورەکان و یارییە بچوکەکانی پارتی…
یەکەم: بۆیە لەناو دووکەوانەدا پەرلەمانی کوردستانم نوسیوە، ئێستا ئەم پەرلەمانە و پێکهاتەکەی تەعبیر لە کوردستان ناکەن. بە کورتی ئەمە پەرلەمانێکە پارتی لەپێناو پیشاندانی قەناعەتە پەڕگیرەکانی خۆیدا کۆیکردونەتەوە! پەرلەمانێک هەرکات دژی خواستی پارتی جوڵایەوە وەک دووکان دەڕابەکەی دادەخات و هەرکاتیش لەگەڵ خواستی( باڵێکی ناوپارتیدا) یەکی گرتەوە، کارای دەکات! بەڵام کارای بێ کاریگەر!
دووەم: هەموو دەزگایەک لەدیدی پارتیدا تا ئەو ڕادەی خزمەت بەبەرژەوەندی خۆی بکات ( نیشتمانیە!) نیشتیمانی بوون کاڵایەکە بەباڵای بەرژەوەندی تایبەتی پارتی دەدورێت، بەپێی سیاسەتی ڕۆژ!
سێیەم: دوانەی ( نیشتمانپەروەری- خیانەت) لاستیکێکە نزیک 80 ساڵە پارتی بەپێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ڕایدەکێشێت… لەم گەشتەدا هێنانی دەبابەش بۆسەر پەرلەمانی کوردستان نیشتمانپەروەرییە!
چوارەم: ڕایەڵەکانی دروستکردنی بڕیار لەناوپارتیدا، پارچە پارچە بوون، پارتی توانای تێگەشتن و خوێندنەوەی واقعیانەی واقعی کوردستان و ناوچەکە و جیهانیشی بەدروستی نەماوە! پارتی تێناگات هەرێمی کوردستان دوای ڕیفراندۆم لەڕوی سیاسی و دیبلۆماسییەوە گەشتۆتە کوێ؟؟ تێناگات دۆخی پارتی لەدوای ڕیفراندۆم لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە لە چی ئاستێکدایە؟ تێناگات کارتەکانی دەستی سوتاون! تێناگات لەکەیسی پارێزگاری کەرکوک، سەرۆککۆمار، دانانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، چی بەسەر هەوڵەکانیدا هات و چی ئەنجامێکی لە سیاسەتی پەڕگیرانە وەرگرت..
پێنجەم: ئەرێ عاقڵێک نیە بڕیاربەدەستانی پارتی حاڵی بکات، جەنابی کاک بافڵ دبلۆماسیەتێکی واقعی لەسەر بنەمای هێزی واقعی یەکێتی دەکات؟ کەسێک نیە ڕوونیکاتەوە، بافڵ تاڵەبانی دبلۆماسیەتی ڕوون و ڕاشکاوە، توند و جەختکەرەوەیە، بەئاشکرا دەڵێ و بە ئاشکرا هەڵدەبژێرێت، دەزانێت تۆڕ دەخاتە کوێوە و چۆن ماسی ڕاوبکات!!
شەشەم: ئەگەر پارتی لە دبلۆماسیەت و هەوڵی بەردەوامی بافڵ تاڵەبانی لەلایەک و سیاسەتی نەرم و هاوسەنگی قوباد تاڵەبانی بگەشتایە، دەیزانی سەردەمی فەرزکردنی هاوکێشەی سیاسی و ئەمنی بەزۆرەملێ و کەڵەگایی کۆتایی هاتووە!!
حەوتەم: گریمان یەکێتی دەستخۆشیتان لێدەکات، سەرچۆپی کاراکردنەوەی پارلەمانیش دەگرێت، بەڕاشکاویش فەرمووی دروستکردنی حکومەتتان لێبکات. هێشتاش دەبێت بپرسن، ئایا واقعی کوردستان، هاوکێشە هەرێمیەکان،تیەکێتی نوێ، سیاسەت لە عێراق، بەرگەی ئەوە دەگرێت بەبێ یەکێتی و سەنگی مێژوویی و جوگرافی یەکێتی حکومەتێک دروستبکرێت؟؟
هەشتەم: خزمینە! بافڵ تاڵەبانی جیاوازە، مەکۆیەکی جوڵاوی بەهێزە، ناتوانن هاوکێشەی تاکلایەنەی بەسەردا فەرز بکەن. ناتوانن بەهەوڵی دووفاقانە لەبەرامبەر ڕاشکاوییەکەیدا کارێکی گەورە بکەن، دەستکەوت و ئەنجام بگرن. هەر لەسەرەتاوە پێی وتوون، بائاشکراو بەڕوونی، سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتایی هات یان هاوبەشی ڕاستەقینە یان هیچ. جارێکی دی یەکێتی نابێتە بەشداری پێکراو، یەکێتی خۆی لەبەرامبەر خەڵک و دەنگدەریدا شەرمەزار ناکات.




